رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت پێشتر پرسیاری "نەتەوە" لە فۆرمی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق، رێگر بووە لە کردنی سەرژمێری، بەڵام دوای لادانی ئەو پرسیارە لە فۆڕمەکەدا، ئێستا هیچ بەربەستێک نەماوە و دەبێت لە کاتی دیاریکراودا سەرژمێرییەکە بکرێت.
مەهدی عەللاق، راوێژکاری سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو هۆکاری لادانی پرسیاری "نەتەوە" لە فۆرمی سەرژمێری رووندەکاتەوە و دەڵێت، "لە رێگەی خانەی پرسیاری نەتەوە هەمیشە کێشە دروست دەبێت و پێشبینیش دەکرێت ساختەکاری بکرێت، یان روودەدات یاخود لانیکەم جۆرێک لە بەلاڕێدابردن لە پرۆسەی سەرژمێرییەکە دروست دەبێت."
بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت. بە گوتەی مەهدی عەللاق لادانی پرسیاری "نەتەوە" لە فۆڕمەکە بە رەزامەندیی سەرجەم لایەنەکان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بووە، "چونکە ئامانجی سەرژمێرییەکە زیاتر بۆ گەشەپێدانە، نەک دیاریکردنی نەتەوە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەهدی عەللاق، راوێژکاری سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان
رووداو: ئایا سەرژمێری گشتیی وەکو پلانی بۆ دانراوە، لە ئەمساڵدا دەکرێت؟
مەهدی عەللاق: دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی لەلایەن حکومەتی عێراق پێش کۆتایی 2024، دەستکرا بە جێبەجێکردنی قۆناخ بە قۆناخی چالاکی و رێکارەکان. وەک دەزانرێت، ئەم کارە زۆر گەورەیە و پێویستی بە کەرەستە و ئامرازی زۆر هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند لیژنەیەکی سەرەکی و لاوەکی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە پێکهێندرا. تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش لیژنەی باڵا و چەند لیژنەیەکی دیکەی لاوەکی پێکهێندراون و بە ئاراستەی تەواوکردنی رێکارەکان کاردەکەن و ئامادەکارییەکانیان دەکەن تاوەکو کاتی دیاریکراوی سەرژمێرییەکە، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 بکرێت.
رووداو: هیچ لەمپەرێک لەبەردەم سەرژمێرییەکە هەن؟
مەهدی عەللاق: بەڵێ، لە هەوڵی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ساڵی 2010دا، پێش ئەوەی پرۆسەکە دەستپێبکات، چەند کێشەیەک روویاندا و بەشێکیان پەیوەندییان بە چارەکردنی ناکۆکییەکان بوو لە ناوچە کێشە لەسەرەکان. ئەمە جگە لە بوونی کێشەی نووسینی زانیاری خانەی نەتەوە کە لێکەوتەی نەرێنی بەدوادا دەهات. بۆیە لەپێناو دووبارە نەبوونەوە و بەرگرتن لە هەر جۆرە کێشە و ئاریشەیەک کە لە ماوەی رابردوودا روویاندا، دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی خانەی پرسیاری نەتەوە و رایگەیاند، ئامانج لە سەرژمێرییەکە، تەنیا گەشەپێدانە و پەیوەندیی بە چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکان نییە لەبارەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، وەک چۆن پەیوەندیی بە سەرژمێری نەتەوەکان نییە کە لە بڕگەیەکی مادەی 140ـی دەستوور نییە. دوای ئەوەی رێککەوتنی سیاسی کرا بە هەڵوەشاندنەوە و لادانی خانەی پرسیاری نەتەوە لە ساڵی 2020، ئەوکات هەموو ئامانجەکانی سەرژمێرییەکە لە کایە سیاسییەکان پاککرایەوە و دوورکەوتەوە. بەمەش، سەرژمێرییەکە بەتەواوەتی و بە قەناعەتی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بووە سەرژمێرییەکی گەشەپێدان لە سەرانسەری عێراق.
رووداو: پێشتر ئاماژەتان پێدا کێشەی پرسیاری نەتەوە هەبوو لەناو فۆڕمەکاندا، ئەمە یەکلابووەتەوە و چارەکراوە؟
مەهدی عەللاق: بەڵێ، لە رێگەی خانەی پرسیاری نەتەوە هەمیشە کێشە دروست دەبێت و پێشبینی ئەوەش دەکرا ساختەکاری بکرێت، یان روودەدات یاخود لانیکەم جۆرێک لە بەلارێدابردن لە پرۆسەی سەرژمێرییەکە دروست دەبێت. ئێوەش دەزانن، ئامانجی سەرژمێری تەنیا بۆ پرسی گەشەپێدانە بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە ژمارەی دانیشتووانەوە هەیە لەو ناوچانەی هاووڵاتییان تێیدا دەژین. راستییەکەی بۆشاییەکی زۆر لەبابەتی داتاکاندا بەدی دەکرێت و بۆ ئەوەی زامنی ژێرخانێکی بەهێز بکەین بەتایبەتی لە پرسی سامانەکان و بەڕێوەبردنێکی دروست، مەرجە داتای دروستمان هەبێت. بە گوێرەی داتاکان، دەتوانرێت ژمارەی هاووڵاتییان لە شار و شارۆچکەکان، دێهات و دەشتەکان دیاری بکرێت بەبێ ئەوەی دەست بۆ بابەتی نەتەوە ببرێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایانە خانەی پرسیاری نەتەوە بە بڕیارێکی حکومی و رەزامەندی هەموو لایەنە سیاسییەکان بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە هەڵوەشێندرایەوە.
رووداو: تێبینییەکانی ئێوە وەک سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سەرژمێرییەکان چییە؟
مەهدی عەللاق: سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو جیهاندا نووسینگەی هەیە و لە هەموو وڵاتێکدا پاڵپشتیی لە کارەکانی دەکرێت و سەرپەرشتیی تەواوی سەرژمێرییەکان دەکات، لایەنی پەیوەندیداریشە بۆ ئەم پرۆسەیە و پاڵپشتیکردنی توانا نیشتمانییەکان. راسپاردەی نێودەوڵەتیی هەیە لە هەموو وڵاتانی جیهان کاری پێدەکرێت بۆ ئەوەی سەرژمێرییەکان لەسەر ئاست و ستاندەردی نێودەوڵەتیدا بن و پەسند بکرێت و لەسەر ئاستی جیهانیشدا رێزی لێ بگیرێت. بۆیە بەردەوام لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و دەستەی سەرژمێری حکومەتی فیدراڵی و هەرێم کاردەکەین. پێمانوایە ئەوەی تاوەکو ئێستا کراوە، رێکارە تەکنیکییەکانن و کۆکن لەگەڵ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئێمەش وەک سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی ئەم ئاراستەیە دەکەین.
رووداو: چەند جارێک کات دیاریکرابوو بۆ سەرژمێری، بەڵام دواخرا، چ گەرەنتییەک هەیە ئەمساڵیش دوانەخرێت؟
مەهدی عەللاق: بەگوێرەی پلانە داڕێژراوەکان، پێویستە پرۆسەکە پێش کۆتایی ساڵ بکرێت. ئێمەش وەک هاووڵاتییانی عێراق هیوادارین پرۆسەکە لە تەواوی عێراق بەڕێوەبچێت. پێمانوایە ئەو هۆکارانەی پێشتر رێگربوون لە سەرژمێرییەکە ئێستا نەماون و چارەکراون. هەموو ئەو کەیسانەی مایەی نیگەرانی بوون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە، وەلانراون و هیچ شتێک نییە مایەی نیگەرانی بێت. ئێستا دۆخەکە شەفافە و کەشەکە گونجاوە و هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت لە پێناو ئەنجامدانی پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا.
رووداو: بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری چەند کاتی پێویستە؟
عەللاق: پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لەم خولەدا زۆر جیاوازە لە سەرژمێرییەکانی دیکە. بۆ یەکەمجارە لە عێراق سەرژمێریی بە ئەلیکترۆنی بکرێت. لە رۆژی سەرژمێرییەکەدا 100 هەزار سەرژمێریکار بەشدار دەبن و بەسەر هەموو شوێنێک دابەش دەکرێن و داتاکان لە سەرجەم یەکەکانی نیشتەجێبوون زۆر بە وردی کۆدەکەنەوە. سەرژمێریکارەکان لە رێگەی تابلێتەکانەوە زانیارییەکان کۆدەکەنەوە، بۆیە تۆمارکردنی زانیارییەکان ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ دەبێت و سەرجەم داتاکان دەنێردرێنە سێرڤەری سەرەکیی لە بەغدا. بۆیە پێموانییە ئاڵۆزی لە کۆکردنەوەی داتاکاندا رووبدات. سەبارەت بە کاتی تەرخانکراو تەواوی زانیارییەکان لە خێزانەکان وەردەگیرێن کە زانیارییەکان تایبەتمەندن بە خودی خێزانەکانەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ ئەم زانیارییانە زۆر بە وردی وەردەگیرێن. سەرژمێرییەکە لە رۆژانی 20 و 21ـی مانگی 11ـی 2024 دەکرێت. دوای ئەوەی داتا کۆکراوەکان و تایبەتمەندییە سەرەکییەکان تەواو دەکرێن، سەرژمێریکاران دەگەڕێنەوە یەکەکانی نیشتەجێبوون و ئەمجارە زانیارییەکان بەتێروتەسەلی وەردەگرنەوە لە رووی تایبەتمەندییە دیموگرافییەکان، کۆمەڵایەتییەکان، ئابوورییەکان، تەندروستییەکان، پرۆسەی کۆچکردن و دۆخەکانی دیکە. سەرجەم ئەم زانیارییانە لە ماوەی دوو هەفتەدا وەردەگیرێن. هەموو ئەم بابەتانە بەمشێوەیە پلانی بۆ داڕێژراوە.
رووداو: تائێستا کۆچکردن لە عێراق بەردەوامە و ژمارەیەک هاووڵاتیی لە تاراوگە دەژین، چۆن سەرژمێری ئەوان دەکرێت؟
مەهدئ عەللاق: پێناسەی سەرژمێری لەسەر ئاستی نیشتمانیی و نێودەوڵەتیی بریتییە لە سەرژمێری تەواوی ئەندامانی خێزانی ناو سنووری وڵاتدا. بە مانایەکی دیکە هەر تاکێکی وڵات لە رۆژانی سەرژمێرییەکەدا دەژمێردرێن. ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتدا دەژین، رێککەوتن کراوە کە سەرژمێرییەکە نایانگرێتەوە. ئەم بڕیارەش یەکێکە لە بڕگەی کارکردنی نێودەوڵەتی. وەک گوتم، ئامانج لەم سەرژمێرییە کارکردنە بۆ ناسینی سەرجەم ئەو تاکانەی لەناو وڵاتدا دەژین، بە عێراقییەکان و هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکەشەوە. هەر بۆیە تایبەتمەندییەکی ئەم سەرژمێرییە لەسەر بنەما و ستاندەردی نێودەوڵەتیدا دەبێت. سەبارەت بە ئاوارەکان، لەو شوێنەی کە ئێستا تێیدا نیشتەجێن، لەوێ سەرژمێرییان بۆ دەکرێت جا شوێنی نیشتەجێبووەکانیان هەمیشەیی بێت یان کاتی بێت. سەرباری ئەمە، زانیاریی لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی پێشوویان لەم هاووڵاتییانە وەردەگیرێت. بۆیە سەرژمێرییەکە بەشێوەیەکی تێروتەسەلە و هەموو روویەک دەگرێتەوە. ئەوەی باسمکرد لە رووی تەکنیکییەوە پاڵپشتی کراوە و لەسەر راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە کاریان بۆ دەکرێت. واتا تاکەکان لە ناوچەکانی هەنووکەیی نیشتەجێبوونیاندا سەرژمێرییان بۆ دەکرێت.
رووداو: چۆن چارەی کێشەی ئاوارەکان دەکرێن؟ ئەمانە لە کوێ تۆمار دەکرێن؟
مەهدی عەللاق: ئەگەر ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ئەوە لە شوێنی خۆیاندا سەرژمێرییان بۆ دەکرێت. بەڵام ئەگەر لە کەمپەکاندا بن، ئەوکات تیمەکانمان سەردانی مەیدانی دەکەن و تاک بە تاک سەرژمێرییان بۆ دەکرێت و ئاماژە بە شوێنی هەنووکەیی نیشتەجێبوونیان دەدرێت و زانیاری لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووشیان وەردەگیرێت. بەمەش تابلۆی تەواوی نیشتەجێبوونی عێراقمان بۆ دەردەکەوێت و رێک دەزانین ژمارەی ئاوارەکان چەندن کە لە کەمپەکانن یاخود لە ناوچەی دیکەدا نیشتەجێن، کە زێدی خۆیان نییە.
رووداو: پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2025 ژمارەی هاووڵاتییانی عێراق بگاتە 50 ملیۆن کەس، ئایا عێراق پلانی هاوتەریبی هەیە لە کەرتەکانی پیشەسازی و ئابووری؟
مەهدی عەللاق: بێگومان لای هەمووان روونە، لە ساڵی 1987ـەوە سەرژمێری لە عێراق نەکراوە. بەڵام دەستەی سەرژمێری لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرژمێرییەکانیان بەپشتبەستن بە دیاردەکانی دیموگرافی لەدایکبوون و مردن، زانیارییەکان لەبارەی کۆچکردنەوە وەردەگرن و تەواوی ئەم کارانە بە پێشبینی و خەمڵاندن دەبێت لە رێگەی زیادکردن و کەمکردنەوە. بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئێستا، ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیک دەبێتەوە لە 44 ملیۆن کەس. بەڵام ژمارەی راستەقینە و کۆتایی دوای سەرژمێرییەکە دەردەکەوێت. زیادبوونی ژمارەی هاووڵاتییانی عێراق بۆ 50 ملیۆن لە ساڵی 2025دا، پێموایە وردنییە و پێویستە لێی دڵنیابینەوە و بەشێوەیەکی زانستی کاری بۆ بکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ