شاندەکەی حکومەت ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ لای قوباد تاڵەبانی دەبەنە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەنجامی چوونی شاندی حکومەتە بۆلای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، جگە لە تاوتوێکردنی ئەنجامی چوونی شاندی حکومەت بۆ لای قوباد تاڵەبانی، لە تەوەری دووەمی کۆبووەکەدا پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەخرێتەڕوو.
 
رۆژی 17-04-2023، شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر سەردانی قوباد تاڵەبانییان کرد. شاندەکە پێکهاتبوون لە عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە. 
 
ئەو سەردانەش دوای ئەوە هات کە رۆژی 12-04-2023 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا جگە لە پلانی حکومەت، باسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی کرا و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پێشنیازیکرد شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی قوباد تاڵەبانی بکەن بۆ ئەوەی رازی بکەن بگەڕێتەوە و مەسرور بارزانیش پێشنیازەکەی قبووڵکردووە.
 
رۆژی 21-04-2023، فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، شاندەکەی ئەنجوومەنی وەزیران داوایان کردووە قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت کە شەش مانگە بەشداریی کۆبوونەوەکانی نەکردوووە و گوتی، شاندەکە پێشنیازەکانیان بە قوباد تاڵەبانی داوە و ئەویش گوتوویەتی خوێندنەوەی بۆ دەکات.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە، وەزیرەکانی یەکێتیش لە رۆژی 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.