پۆلیسی سلێمانی لەبارەی تەقەکەرەکانی نەخۆشخانەی منداڵان: لەژێر کاریگەریی ماددە کهوولییەکاندا بوون

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوی تەقەکردن لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و برینداربوونی دوو کەس لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ "ئەوانەی تەقەیان کردووە، لەژێر کاریگەریی ماددە کهوولییەکاندا بوون".
 
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-4-2023)ـی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، دوو کەسەکە بە تۆمەتی تەقەكردن لە نەخۆشخانەی منداڵان و برینداركردنی كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی نەخۆشخانەكە، دەستگیركراون.
 
رووداوەکە بەپێی پۆلیس بەمشێوەیە بووە: کاتژمێر 10:30ـی شەوی رابردوو (سێشەممە، 25-4-2023) دوو كەس لەژێر کاریگەریی مادە کھولییەکاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لە نەخۆشخانەی منداڵان بکەن، بەڵام لەلایەن پۆلیسی نەخۆشخانەكەوە رێگرییان لێکرا و رێنمایی کران کە وادەی سەردانیکردنی نەخۆش کۆتاییھاتووە و منداڵە نەخۆشەکە دایک و باوکی لەلایە و پێویست ناکات ئەوان بچنە لای، بەڵام کاتژمێر 01:30ـی (بەرەبەیانیی ئەمڕۆ) تۆمەتبارەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکە و تەقە لە پۆلیسێک و كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە دەكەن و برینداریان دەكەن.
 
شوێنەواری گولـلە بە دیواری نەخۆشخانەکەوە دیارە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە و شایەتحاڵان بە نزار جەزا، پەیامنێری رووداو دراوە "لە شەڕەکەدا نزیکەی 15 گوللـە تەقێنراوە".
 
پۆلیسی سلێمانی دەڵێ لەدوای رووداوەکە، "دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تۆمەتباری سەرەکی کە تەقەی کردبوو، دەستگیرکرا. ئەو کەسەی کە لە گەڵیشیدا بوو، ھەڵات، بەڵام توانرا لەماوەیەكی كەمدا ئەویش دەستگیربکرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو".
 
هەریەك لە تۆمەتباران، (ش. خ. أ.) لە دایکبووی ساڵی 1985 و (ئ. خ. م.) لەدایکبووی 2003 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 232 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
 
لەبارەی بریندارەکانی رووداوەکەشەوە کە بەپێی زانیارییەکانی رووداو گوللـە بە قاچیان کەوتووە، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ، "ئێستا ھەردووکیان لە نەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە".