رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت قوباد تاڵەبانی بە پەیام ناردن ناگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران. دەشڵێت، ئەگەر حکومەت 43%ی داهات بنێرێت بۆ سلێمانی، ئەوا هیچ کێشەیەکی مووچە نامێنێت.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی، "بایکۆتی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی لە حکومەت هیچ پەیوەندیی بە دۆسیەی هاوکار جافەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە گەمارۆخستنە سەر سلێمانی و نادیاریی داهاتەوە هەیە."
شەوی چوارشەممە 26-04-2023 نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی نەگەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و کێشەی مووچە لە سنووری سلێمانی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، "کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بوو لە سنووری سلێمانی هەبوو و لێژنەی بەدواداچوونیش پێکهێندرابوو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد و بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لیژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف روویدا و ئەو پرۆسەیەی پەکخست، چونکە یەکسەر دوای داوای رادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کشانەوە."
لوقمان وەردی دەڵێت، "هیچ کەسێک نازانێت داهاتی هەرێمی کوردستان چەندە و تەنانەت وەزیری دارایی ئاگای لە وردەکاریی داهات نییە، هەر بۆیە نیگەرانی و ناڕەزایی قوباد تاڵەبانی هەڵوێستێکی کەسی نییە و هەڵوێستی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بە پەیامێکی سەرۆکی حکومەت ئەو هەڵوێستە ناگۆڕێت."
هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە 26-04-2023 سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بۆ دابینکردنی مووچە، سلێمانی 30 بۆ 32 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە." دەشڵێت، "داوامان کردووە پرسی مووچە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت."
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا یەکێک لەو بابەتانەی دەخرێتەڕوو، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتە بۆ لای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ