نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر: دوو زێرەڤانی و کارمەندێکی نەخۆشخانە برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی دەمەقاڵێ لەنێوان کەسوکاری نەخۆش و کارمەندانی پرسگەی نەخۆشخانەکە دوو زێرەڤانی و کارمەندێکی پرسگە برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "دوابەدوای پابەندنەبوونی کەسوکاری نەخۆش لە رێنمایەکانی نەخۆشخانە و پێشلکردنی یاساکان، وەکو هەمیشە حاڵەتێکی گرژی لەنێوان کەسوکاری نەخۆش و فەرمانبەرانی پرسگە دروستبووە کە پابەندنەبووینە بە رێنمایەکانی سەردانی نەخۆشخانە، دوای پێدانی رێنمایی لەلایەن فەرمانبەرانی پرسگەی نەخۆشخانە بە کەسوکاری نەخۆش دوای پابەندنەبوونیان گرژی دروستبووە و کە بەشێک لە کەسوکاری نەخۆش هاوەڵی نەخۆش بوونە لەنێو نەخۆشخانە و بەشێکیان بەپێی رێنمایی لە دەرەوەی نەخۆشخانە رێگەنەدراوە بچنە ژووروە لەبەربوونی جەنجاڵی و هۆکارەکانی چارەسەرکردن لەلایەن پزیشکان و کارمەندان، بۆیە رایدەگەیێنین ئێستادۆخەکە ئاساییە و هیچ کەسێک بەگوللـە بریندار نەکراوە."
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەکە گوتی، ئافرەتێک هێنراوەتە نەخۆشخانە، کەسوکاری ئافرەتەکە ویستوویانە بچنە نێو نەخۆشخانە، بەڵام پاسەوانەکان رێگەیان نەداوە بچنە ژوورەوە و دەماقاڵێ دروستبووە.
گەنجۆ شێرزاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رۆژانە نەخۆشی وامان بۆ دێت بەتایبەت رووداوی هاتووچۆ، ئەمڕۆش ئافرەتێک هێنرایە نەخۆشخانە کە باری تەندروستیی ناجێگیر بوو، ئێستاش ناجێگیرە و نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت، هاوەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو، چەند کەسێکیان کردە ژوورەوە، بەڵام بەپێی رێنوێنییەکانی نەخۆشخانە نابێت هەواڵی زۆر لەگەڵ نەخۆش بێت، برا زێرەڤانییەکان و کارمەندانی پرسگەی خۆمان رێنوێنییان بە کەسوکاری نەخۆشدا کە پابەندنی رێنوێنییەکانی نەخۆشخانە بن، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوە بوون پابەندنەبوون و هێرشیان کردە سەر ئەو برایانەی لە پرسگەبوون و کێشەیان دروستکرد. دواتر کێشەکە چارەسەر کرا."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر دەشڵێت، لە کاتی دروستبوونی گرژییەکە "یەکێک لە کارمەندانی زێرەڤانی لێوی برینداربوو و خوێنی لێهات بوو و یەکێکی دیکەش دەستی ئازاری پێشگەیشتووە لەگەڵ کارمەندێکی پرسگە دەستی ئازاری پێگەیشتبوو."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گەنجۆ شێرزاد دەڵێت، رۆژانە رووداوێکی زۆری لەناکاو دەهێندرێنە نەخۆشخانە و لەبەردەم نەخۆشخانەش قەرەباڵخی دروست دەبێت، دەشڵێت "لەسەر رووداوەکە هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە."