بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە چەمچەماڵ لە پۆستەکەی لادەبرێت

26-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بەرپرسی مەڵبەندی 12ی ئەو حیزبە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، تاوەکو دیاریکردنی کەسێکی دیکە مەڵبەندەکە لەلایەن ئەندامێکی مەکتەبی سەرکردایەتیی یەکێتی لە مەکتەبی رێکخستن سەرپەرشتی دەکرێت. بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی 12ش دەڵێت، "هیچ هۆکارێک بۆ لابردنم نییە."
 
بەپێی نووسراوێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26-04-2023 لەلایەن بڕیاردەری دەستەی کارگێڕییەوە واژۆ کراوە، رێبوار جاف، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی ئەو حیزبە بەخشراوە.
 
رێبوار جاف، لەبارەی لابردنیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نووسراوەکەم بەدەست گەیشتووە، بەڵام هیچ هۆکارێک بۆ لابردنم نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێوەی پابەند دەبم، دیارە کۆبوونەوە کراوە و بڕیاری بەخشینم دراوە."
 
بڕیارەکەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی بە ژمارە 29-ب-ک-32 دەرچووە و لەژێر رۆشنایی کۆبوونەوەی کارگێڕانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە رۆژی 17ی نیسانی 2023 دەرکراوە و سێ خاڵ لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە:
 
- بەخشینی رێبوار عومەر حەمەسوور ناسراو بە رێبوار جاف، ئەندامی سەرکردایەتی لە لێپرسراوی مەڵبەندی 12ی رێکخستنی چەمچەماڵ.
 
- دانانی ئەندامێکی سەرکردایەتی لە مەکتەبی رێکخستن وەکو سەرپەرشتیاری مەڵبەندی 12ی رێکخستنی چەمچەماڵ بەشێوەیەکی کاتی تاوەکو دیاریکردنی کەسێکی دیکە بە لێپرسراوی مەڵبەند.
 
- ئەو بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
رێبوار جاف لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لەبارەی بڕیارەکەوە نووسیویەتی، "سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ تەواوی جەماوەرەکەمان لە سنووری شاری چەمچەماڵ لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و کادیر و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر و پارتیزانەکان و کەسایەتییەکان و پیاو ماقوڵان و عەشیرەتەکان و هۆزەکان و لاوان و گەنجان و خوێندکاران و ژنان و مامۆستایان و فەرمانبەران و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و خانەنشینان و ڕێکخراوەکان دەردەبڕم کە بەدرێژایی ئەو ماوەیە پشتیوانم بوون، هاوکات خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە بە درێژایی ئەو ماوەیە بێ جیاوازی شەو و ڕۆژ، وەخت و ناوەخت لە خزمەتیاندا بووم و هەرگیز درێخیم نەکردووە لە بەرامبەریاندا و لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵیان بووم."
 
هەروەها نووسیویەتی، "بەرپرسیارێتی بۆ کەس تا سەر نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە خزمەتکردنی خەڵک و خاکە، بە شانازییەوە ئێمە لەدوای کۆنگرەی چوارەوە ئەو ئەرکەمان لەئەستۆ گرتووە، بە شانازیشەوە بۆ هەڤاڵێکی دیکەی جێدەهێڵم و لە پێگەیەکی دیکە لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دەبم."
 
لەدوای رووداوەکانی 8ی تەممووزی ساڵی 2021ـەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارەیەک گۆڕانکاریی لە سەرکردایەتییەکەیدا کرد و جگە لە دیاریکردنی بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی ئەو حیزبە و نەهێشتنی سیستمی هاوسەرۆکی کە لە کۆنگرەی چواری ئەو حیزبە بڕیاری لەبارەوە دابوو، لە گۆڕانکارییەکان لابردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و وەرگرتنەوەی بەرپرسیارێتی بوو لەو کەسانەی کە بە نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی ناسراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە