رووداو دیجیتاڵ
45 کۆمپانیا 300 دەرفەتی کاریان لە دهۆک راگەیاند، بەڵام داواکاریی دەستخستنی کار لەلایەن گەنجانەوە زۆرە و ئەو ژمارە هەلیکارەش چارەسەری بێکاری لەو پارێزگایە ناکات، کە رێژەکەی زیاتر لە 14٪ـیە بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
تیمی رووداو لە دهۆک چوونەتە گۆڕەپانی کرێکاران و ئەوکاتە دەمەونیوەڕۆیە، بەڵام بە دەیان کرێکار کە لە بەرەبەیانەوە لەو شوێنەدا چاوەڕێی دەستکەوتنی کار بوون، هێشتا هیچ کارێکیان بۆ ئەو رۆژە دەستنەکەوتووە.
لەوانەی لە گۆڕەپانەکەی کرێکاران کاریان دەستنەکەوتووە، چەند گەنجێکی ئاکرێن، کە بۆ کرێکاری روویان لە دهۆک کردووە و باسی ئەوە دەکەن هەفتانە تەنیا دوو بۆ سێ رۆژ کاری کرێکارییان دەستدەکەوێت.
فەتحی سەردار، کرێکارە و گوتی "رەوشەکە باش نییە، لێرە رۆژێک کار دەستدەکەوێت، رۆژێک نییە. چی بکەین! لە ئاکرێوە دێینە دهۆک لەبەر بێکاری".
رێژەی بێکاری لە دهۆک 14٪ـیە و ئەو رێژەیەش ساڵ بە ساڵ لەزیادبووندایە. هێشتا ئاماری ئەمساڵ رانەگەیەنراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی ئامارەکانی دهۆک دەڵێ "رەنگە رێژەکە بگاتە 16٪".
بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری، پێشانگەیەکی دەستخستنی هەلی کار لە دهۆک کرایەوە کە 45 کۆمپانیا تێیدا بەشدارن و زیاتر لە 300 هەلی کار دەڕەخسێنن؛ زۆربەی هەلی کارەکان بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانن.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پێشانگەکە رۆژی چوارشەممە، 26-4-2023 گوتی "یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیدانە بە کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار لە رێگای وەزارەتی ئێمەوە".
دەرچوویەکی زانکۆ بەناوی زانا محەممەد کە سەردانی پێشانگەکەی کردووە، دەڵێ "بە دەرفەتمان زانی سەردانی ئەو پێشانگەیە بکەین بۆ ئەوەی کارمان دەستبکەوێت، چونکە ساڵێکە لە ماڵەوەین (لەدوای تەواوکردنی زانکۆ). بەڵام زۆربەی کۆمپانیاکان لۆکاڵی بوون و کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەبوون".
ساڵانە، نزیکەی پێنج هەزار خوێندکار لە زانکۆی دهۆک دەردەچن، لەکاتێکیشدا چەندین ساڵە دامەزراندن لەلایەن حکومەتەوە راگیراوە، دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ کەمبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ