بوومەلەرزەیەک لە خانەقین روویدا

26-04-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن بوومەلەرزە
A+ A-
رووداو هەولێر

بوومەلەرزەیەک لە سنووری قەزای خانەقین روویدا. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، گوڕەکەی 4.1 پلەی رێختەر بووە.
 
بوومەلەرزەکە کاژێر 08:18ـی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی نیسانی 2023) روویداوە. ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گوڕی بوومەلەرزەکە 4.1 پلەی رێختەر بووە و بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان عێراق و ئێران و لە نزیک خانەقین روویداوە".
 
هەروەها محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی و دانیشتووی سنووری گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەقی بوومەلەرزەکە گوندی دارە خورما بووە، کە 17 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای خانەقینەوە دوورە.
 
بەگوتەی محەممەد کەمال، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، هاووڵاتیان ترس و دڵەڕاوکێیان لەلا دروستبووە و ئەوانەی لە شوقەکاندا دەژین، لە ماڵەکانیان هاتوونەتەوە دەرەوە.
 
خانەقین یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە