نووسینگەی قوباد تاڵەبانی: هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەردەوامن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەردەوامن. لەبارەی گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانیش بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، هەر کاتێک داواکارییەکان وەرگیران "بە دڵنیاییەوە رێز لە هەر هەنگاوێکی بەرەوپێشچوون دەگرین."
رۆژی چوارشەممە 26-04-2023 ژوان سابیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ یۆنانی راگەیاند، هەر لە سەرەتای دروستبوونی کێشەکەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن و چەندین کۆبوونەوە و دیدار و تەلەفۆن کراون و هەوڵەکانیش بەردەوام دەبن.
لە رۆژی 3ی ئەم مانگەوە تورکیا هەموو گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگرتووە. بە گوتەی تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هۆکاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی و دزەکردنی ئەو رێکخراوە بۆ نێو فڕۆکەخانە بووە، ئەمەش بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، بۆیە ئەو بڕیارە دراوە.
قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێکی ئابووری لە یۆنانە. ئەمە بۆ جاری دووەمە بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی ساڵانەی دێڵفی دەکات، کە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان کە رەنگە لە داهاتوودا رووبدەن. کۆڕبەندەکە پلانی چارەسەرکردن بۆ ئەو گرفتانە دادەنێت.
لەبارەی ئەجێندای بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی ژوان سابیر دەڵێت، "گوتارێکی بۆ هەڵسەنگاندنی بیروبۆچوونی خۆی لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە دیدارە فەرمییەکە، هەندێک دیداری تایبەتیشی لەگەڵ دیپلۆماتکار و کەسایەتییەکانی بەشدار لە کۆڕبەندەکە دەبێت.
کۆڕبەندی ئابووریی ساڵانی دێڵفی لە یۆنان، سێ رۆژە، بە گوتەی نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ یۆنان، هیچ یەک لە وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆڕبەندەکە نین.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 26ی ئۆکتۆبەری 2022وە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە، وەزیرەکانی یەکێتیش لە رۆژی 22-12-2022ەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەنجامی چوونی شاندی حکومەت بۆ لای قوباد تاڵەبانیش کرا.
بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لەوبارەوە رایگەیاند، لە دوایین سەردانی شاندی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، پاکێجێک لەلایەن شاندی یەکێتییەوە پێشکێش کراوە و گرفتەکان خراونەتەڕوو، "هەر کاتێک داواکارییەکان وەرگیران و گرفتی مووچە کە لە پێشینەی هەموو داواکارییەکانە چارەسەر کرا، ئەو کات بێگومان هەر هەنگاوێکی بەرەوپێشچوون هەبێت، ئێمە رێزی لێدەگرین."
بە گوتەی سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "بۆ دابینکردنی مووچە، سلێمانی 30 بۆ 32 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە". دەشڵێت، "کێشەی مووچەی سلێمانی چارەسەر بکەن، ئینجا باسی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی دەکەین."
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، جارێکی دیکە جەخت لە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی کردەوە و گوتی، "بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران" و "ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆتان لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن". گوتیشی، "هەر کێشە و گرفتێک هەبێت، کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت."