هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئایشێ و فاتمێ پێکهاتن، ئێوەی زەنگین هەر نەهاتن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا دەکات ئاسایش و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر تێکنەدرێت و بە لایەنەکانیش دەڵێت، "بەسیکەن."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی نووسیویەتی، "ئاسایش و ئابووریی، لەمە زیاتر؛ تێکمدەن، کە تێکچوو؛ هەموو شت: یان تێکدەچێت، یان لەناودەچێت، لە بونەوە تا بیر تا باوەڕ، تا مرۆڤایەتیی، تا ئازادیی، تا کار، تا ژیان، تا ئایین، تا دەوڵەت، تا دادپەروەریی، تا مەرگ، تا نەبوون."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "رەش و سپی، ئیمان و ئیلحاد، ئایشێ و فاتمێ، چین و ماچین، شمشێر و زام، ئەستێرە و مانگ؛ پێکگەیشتن و لێکگەیشتن و پێکهاتن، ئێوەی زەنگین؛ هەر نەگەشتن، لێکنەگەشتن، هەر نەهاتن، نەگەشتن.."
 
هەروەها پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت، "چاوی چاوەڕوانی و ئاوی پێ و تاسەی دڵ و سەودایی سەرتان بردین و، هەر نەهاتن." بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی هیچ لایەنێک بکات نووسیویشیەتی، "ناتانەوێ بەسیکەن؟! با بەسیکەن."
 
لە کۆتاییشدا باسی لەوە کردووە، "ئێوە یاریتان بە ئاگر کرد؛ سووتان، ئێستا ئاگر لە گەمەیەکی راستیدا؛ یاریکەرە."
 
ئەم گوتانەی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کاتێکدایە، ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، هەیە. تیمی یەکێتی لە حکومەت بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
 
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە داوای گەڕانەوەی تیمی یەکێتیی لە حکومەت بۆ کۆبوونەوەکان کرد. سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانییش لە لێدوانێکدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد. دەبێت بابەتی مووچە چارەسەر بکرێت، "ئینجا باسی پرسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت."
 
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یۆنانە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی دێڵفی. لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نووسیویەتی، "ئێمە لە کوردستان و عێراقیش کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتی و چارەسەرنەکراومان هەیە، کێشەکان چارەسەر ناکرێت بەبێ سەلماندنی نیازپاکی و هەنگاونانی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. شەڕی میدیایی و بەلاڕێدابردنی کێشەکان ئەزمونێکی شکستخواردووە و کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە."
 
 
ناکۆکیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن. پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد و رۆژی 01-10-2022 وەك رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكرا.
 
هەروەها رۆژی یەکشەممە 26-03-2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 
بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر چەند بابەتێک بوونەتە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن و تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەسەریان رێکنەکەوتوون.