پۆلیسی کرماشان دەیان دووکانی لەبەر کڕیاری باڵانەپۆش داخست

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە سێ هەفتەی رابردوودا 45 دووکانیان داخستووە لەبەر ئەوەی کڕیارەکانیان پابەندی باڵاپۆشی نەبوون. لە چەند رۆژی رابردوودا لە ورمێش سێ دەرمانخانە بە هەمان هۆکار داخراون.
 
عەلی ئەکبەر جاویدان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان رۆژی 25-04-2023 گوتی، "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ژنانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبوون، 83 دووکان ئاگادار کراونەتەوە، 61 دووکان هۆشدارییان پێدراوە کە ئەگەر پابەند نەبن دادەخرێن، بەڵام 45 دووکان پابەند نەبوون و داخراون."
 
بە گوتەی عەلی ئەکبەر جاویان، 1578 کورتەنامەی ئاگادارکردنەوەش بۆ خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە نێردراوە کە ژنانی ناپابەند بە باڵاپۆشییان تێدا بووە.
 
بەپێی بڕیاری پۆلیسی ئێران، ئەگەر ئۆتۆمبێلێک ژنی پابەندنەبووی باڵاپۆشیی تێدابێت، سەرەتا بە کورتەنامە ئاگادار دەکرێتەوە، دواتر ئۆتۆمبێلەکەی لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان هەڵدەپەسێردرێت و لە قۆناخی سێیەمیشدا ئۆتۆمبێلەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
 
بە گوتەی رەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ، لە رۆژانی رابردوودا 80 دووکانی ئەو پارێزگایەش لەبەر پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی داخراون و 2111 کەسیش کە لەنێو ئۆتۆمبێلدا پابەندی باڵاپۆشی نەبوون، هۆشدارییان پێدراوە.
 
پۆلیسی ئێران رێوشوێنەکانی بۆ سەپاندنی باڵاپۆشیی پەسندکراوی حکومەت و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو ژنانەی پابەندی باڵاپۆشی نین، تووندتر کردووەتەوە. لە شارە جیاوازەکانی ئێرانیشدا دەیان دووکان و رێستۆرانت لەبەر پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی داخراون.
 
لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پارەوە ژمارەیەکی زۆری ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی، لەچکەکانیان لابرد و هەندێک لەوان سووتاندیشیان.
 
ناڕەزایەتییەکانی پار، دوای مەرگی ژینا ئەمینی، کچە کوردی 22 ساڵانی خەڵکی سەقز روویاندا کە بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر کرابوو.
 
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک پاشەکشێ لە باڵاپۆشی ناکات و بۆئەوەی ژنانیش ناچار بکات کە پابەندی باڵاپۆشی نین، کۆمەڵێک رێکاری نوێی گرتووەتەبەر.