گەنجێکی کوردی کەرکووک نەخۆشی بەشێکی رووخساری شێواندووە: "هەڵەی پزیشکی بووە"

26-04-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
وێنەی گەنجە کوردەکەی کەرکووک. وێنە: رووداو
وێنەی گەنجە کوردەکەی کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

گەنجێکی کورد لە کەرکووک بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە بەشێکی دەموچاوی لەدەستداوە، ئەو گەنجە بەرلەوەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ببێت رەنگ و رووخسارێکی گەشی هەبوو و دەڵێت، "دوای سەردانی بۆلای پزیشکێکی ددان نەخۆشییەکەی سەریهەڵداوە."
 
ئاری یوسف، ئەو گەنجەیە کە نەخۆشی رووخساری شێواندووە و دەڵێت، ئەم نەخۆشییە لەو کاتەوە سەریهەڵدا کاتێک سەردانی پزیشکێکی ددانی کردووو، دواتر دەرزییەک لەنێو ددانی جێهێڵدرابوو، تاوەکو تووشی ئاوسان بووە و جاری دووەم کە سەردانی پزیشکەکەی کردووەتەوە چارەسەری هەڵەی بۆ کراوە.
 
بە گوتەی ئاری، دەرزییەک لەنێو ددانیدا شکاوە و "ماوەی سێ بۆ چوار مانگ بابەتەکەیان شاردەوە و پێیان نەگوتووم، لەدوای ئەو دەرزی شکاندنە ئیلتیهاباتی زۆرم بۆ پەیدا بوو، خاوەنی کلینیکەکە ددانەکەی راکێشا بەو ئاوساوییەوە و شەش کاژێر خوێنم لەبەر رۆیشت. نەشتەرگەرییەکی بۆ کردم کە پسپۆڕیی خۆی نییە و دەبوو پزیشکی پسپۆڕ بیکردایە؛ بۆ ئەوەی بوو بابەتەکە دابخات."
 
ئاری ساڵی 2016 کە تووشی ئەم دۆخە بووە، دەناڵێنێ بەدەست ئازار و وەرگرتنی چارەسەری بەردەوامەوە. لە ساڵی 2018 سکاڵای ئاری لەسەر پزیشکەکە و دوو یاریدەدەری تۆمار کراوە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، "دۆسیەکەی ناجووڵێندرێت لە دادگە."
 
ئەو گەنجە کوردە باس لەوە دەکات، "لەدوای ئەو حاڵەتەوە، حەوت نەشتەرگەریم کردووە و تائێستا بۆ فڕێدانی گرێیەکە، چوار ساڵی خایاند تاوەکو یەکەم بەڕێوەچوونی دادگە کرا، نیو کاژێر دواتر هەرسێکیان ئازاد کران؛ دواتر کە داوای تەمیزم کرد لەسەر یەک کەسیان کەوتووە."
 
سەندیکای پزیشکانی ددان لە عێراق لەسەر رووداوەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و رەتیدەکەنەوە هەڵە پزیشکییەکە هۆکاری ئەو نەخۆشییە بێت کە تووشی ئاری بووە.
 
رائید عەتا، نەقیبی لقی کەرکووکی سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق بە رووداوی گوت، "نەخۆشەکە، مێژووی چارەسەرییەکەی بۆ شەش بۆ حەوت ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سکاڵای لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک تۆمار کردووە، چەندین لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێندراون لەسەر ئەو بابەتە، تەنانەت لیژنەی وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە و دەرئەنجام گەیشتنە ئەوەی سوڵح لەگەڵ نەخۆشەکە کراوە لەسەر پوختەی لێکۆڵینەوەکەدا."
 
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکەی ئاری ئاماژە بەوە دەکات، ناوی زانستیی جۆری نەخۆشییەکە "کۆندرۆ سارکۆمایە،" لە عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەری بنەڕەتی نییە و ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا رێگەچارە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆزراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە