نرخی کیلۆیەک مریشک 1500 دینار دابەزی

26-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە مانگی رەمەزان و رۆژانی جەژن، نرخی مریشک دابەزی و کیلۆیەک مریشک لەنێوان 3100 بۆ 3400 دینارە. مریشکفرۆشێک دەڵێت، بەهۆی دابەزینی دۆلارەوە نرخی ئالیک و جووجک هەرزان بووە و کێڵگەکانیش مریشکی زۆریان بەرهەمهێناوە.
 
لە هەولێر کیلۆیەک مریشکی زیندوو لەنێوان 3100 بۆ 3400 دینارە. رۆژی چوارشەممە 26ی نیسانی 2023 زەکەریا سەفین، مریشکفرۆش لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 3400 دینار دەفرۆشێت.
 
هاوکات یوسف سەردار، مریشکفرۆش لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ مریشکی زیندوو کیلۆی بە 3250 دینارە.
 
مانگی رەمەزان بەگشتی و بەتایبەت نزیک بە جەژنی رەمەزان، کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتە 4750 دینار بۆ 5000 دینار؛ بەمەش دوای جەژنی رەمەزان کیلۆیەک مریشک 1500 دینار لە نرخەکەی دابەزیوە.
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی مریشکەوە، مریشکفرۆشەکەی سلێمانی گوتی، خاوەنی پەلەوەرخانەکان مریشکی زۆریان گەورە کردووە و جەژنیش کۆتاییهاتووە.
 
یوسف سەردار هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی مریشکی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار گێڕایەوە و گوتی، "ئەوە هۆکار بووە بۆ دابەزینی نرخی جووجک و ئالیک."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە.
 
پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێندرێن.
 
لە هەرێمی کوردستان 1840 پەلەوەرخانە هەن، بەشێوەیەک لە هەولێر 576، لە سلێمانی 727، لە دهۆک 344، لە هەڵەبجە 35 و لە گەرمیان 158 پەلەوەرخانە هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە