رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رایگەیاند، کەسێک کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانە دوای گەڕانەوەی لە ئێران بە یەک کیلۆگرام تریاکەوە دەستگیرکراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ کە رۆژی سێشەممە 26-4-2022 بڵاویکردووەتەوە، "کاژێر 06:45 بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن یاریدەدەرێتی ئاسایشی باشماخەوە هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان بەناوی (م ـ ع ـ ح) لەدایکبووی 1970، دانیشتووی یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و لە دەروازەی باشماخ دەستگیرکرا. پاش پشکنین دەرکەوت بڕی یەک کیلۆگرام مەوادی قەدەخەکراوی لە جۆری تریاکی لە ژێر جل و بەرگەکەی حەشاردابوو."
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای دەستبەسەرداگرتنی تریاکەکە، دۆسیەی لێکۆلێنەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، ساڵی رابردوو 1943 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون. ئەمساڵیش، لە مانگی کانوونی دووەم، 220 تۆمەتبار، لە مانگی شوبات 189 تۆمەتبار و لە مانگی ئاداریشدا 156 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ