بەرواری باڵا.. بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا هەشت گوندی کریستیانەکان چۆڵکراون

26-04-2022
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
بەرواری باڵا.. بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا هەشت گوندی کریستیانەکان چۆڵکراون
بەرواری باڵا.. بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا هەشت گوندی کریستیانەکان چۆڵکراون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەڕی پەکەکە و تورکیا، بۆردوومان و تۆپبارانی بەردەوامی سوپای تورکیا ئارامی لە گوندەکانی دەڤەری بەرواری باڵا نەهێشتووە، بەو هۆیەوە هەشت گوندی کریستیانەکان چۆڵکراون.
 
گوندی یاتێ لە بەرواری باڵا کە 30 ماڵی تێدایە، تەنیا یەک خێزانی تێدا ماوە و ئەوانی دیکە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە گوندەکەیان چۆڵکردووە. خۆشابا یاقۆ و هاوژینەکەی دوای شەش ساڵ مانەوە لە ئەمریکا، بڕیاندا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، دوو ساڵە گەڕاونەتەوە و ئێستا تەنیا ئەوان لە گوندەکەیان دەژین.
 
خۆشابا یاقۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێرە زەوی ئێمەیە، چیا و وڵاتی خۆمانە، هەموومان یەکدی دەناسین و هاوکاری یەکدی دەکەین کریستیان و موسڵمان، تاوەکە لەناو گوندەکەمان بین مەترسی نییە، بەڵام لە دەرەوە مەترسی هەیە."
 
لە 30 ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە، هەشت گوندی کریستیانەکان لە دەڤەری بەرواری باڵا چۆڵکراون، لەنێوان 30 بۆ 50 خێزانی سنوورەکە، لەنێوان سێ بۆ 15 خێزان ماونەتەوە.
 
سەعدوون شلێمۆن، هاونیشتمانییەکی کریستیانە و دەڵێت، "ئەگەر دۆخەکە ئارام ببێتەوە، زیاتر لە 20 خێزانی ئەم گوندە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، پار هەندێکیان هاتبوونەوە و شوێنەکانیان ئامادەکردبوو، بەڵام ئێستا لەبەر ئەم دۆخە ناتوانن بگەڕێنەوە."
 
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لەگەڵ هاونیشتمانییەکی کریستانی خەڵکی گوندەکە قسە دەکات کە ئێستا لە ئوستراڵیایە، ئەو ژیانی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووە و دەڵێت، پیش 20 ساڵ بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەو سنوورەوە دەستبەرداری ماڵ و زەوی خۆی بووە و چووەتە دەرەوەی وڵات.
 
پترۆس یوحەننا باسی لەوە کرد، "ئێستا خۆزگە بەو ژیانە دەخوازین کە لەو سنوورە بەسەرمان بردووە، راستە ئەوکات هەژاری بوو، بەڵام ژیانی ئەوکات زۆر لە ژیانی ئێستا خۆشترە."
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 45 گوندی کریستیان هەن، زۆرینەی گوندەکان دەکەونە ناوچە چیاییەکان، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە 17 گوندی کریستیانەکان لە سنوورەکە چۆڵکراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە