پارێزگاری هەڵەبجە: ئەمساڵ هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای ژمارە 19ی عێراق


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، هەوڵێک لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیران دەستیپێکردووەتەوە بۆ بە پارێزگا ناساندنی هەڵەبجە و دەشڵێت، "ئەمساڵ هەڵەبجە دەکرێتە پارێزگای ژمارە 19ی عێراق".
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سێ هەفتەیە سەرۆککۆماری عێراق هەوڵەکانی تەواو چڕکردووەتەوە بۆ پرسی بە پاریزگاکردنی هەڵەبجە و ناساندنی وەک پارێزگای ژمارەی 19ی عێراق، ئەم هەوڵەش بە ئاگاداری و هاوئاهەنگیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: "گەشبینین لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵ 2021 ئەم کارە تەواو ببێت".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: "سەرۆکایەتیی کۆمار داوای تەواوی دۆسیە و زانیارییەکانی پارێزگاکەیان لێکردوون بۆ ئەوەی بکرێت بە پاڵپشتییەک بۆ بڕیاری بە پارێزگاکردنی.
 
پارێزگای هەڵەبجە، کە لە ناوەندی شار و چوار ناحیە پێکدێت، لەگەڵ هەولێر، سلێمانی، دهۆک، یەکێکە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان. هەڵەبجە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق، رووبه‌ره‌كه‌ی‌ (1599) كیلۆمه‌تر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 120 هەزار کەس دەبێت، لەگەڵ ئێراندا 75 کیلۆمەتر سنووری هەیە.
 
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "ئەو دۆسیانەی داواکراوە بەزیادەوە بۆ عێراقیان ناردووە، دۆسیەکان پەیوەندییان بە سنوور و کارگێڕی، مێژوو،  ئابووری، گەشتیاری، سنوورەکان، جوگرافیا، لایەنی کلتووری و زۆر شتی دیکەی هەڵەبجەوە هەیە".
 
پارێزگاری هەڵەبجە لە قسەکانیدا بەتەواوی گەشبینییەوە دەڵێت: "100٪ ئەمساڵ هەڵەبجە دەکرێت بە پارێزگایەکی عێراق و بەفەرمی دانی پێدادەنرێت".
 
هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و، لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، لە رێکەوتی 13ی ئاداری 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی بۆ دەرچوو، لە 31ی کانوونی یەکەمی 2013 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵەبجەی بەپارێزگا ناساند، بەڵام کارەکانی تەواونەکرا.