شاخەوان عەبدوڵڵا: لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە تەنیا دەخرێتە خشتەی کار

26-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دوای جەژنی رەمەزان دواخرا؛ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ''لە دانیشتنەکانی داهاتوودا، تەنیا بڕگەیەک کە دەخرێتە خشتەی کاری پەرلەمان، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەبێت.''
 
بڕیاربوو ئەمشەو (چوارشەممە 26-03-2025) دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بکرێت، بەڵام ژمارەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو، رێژەی یاسایی تەواو نەکرد. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێش دواخستنی دانیشتنەکە بۆ دوای جەژن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''پرسەکەمان هێناوەتە قۆناخێکی زۆر باش و لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان خستوومانەتە خشتەی کاری پەرلەمانەوە''.
 
دەگوترێت بەشێک لە پەرلەمانتاران بەهۆی ئەوەی دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لەگەڵ پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە حەشدی شەعبی خراوەتە خشتەی کاری پەرلەمانەوە، ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون. شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: ''نابێت دەنگدان لەسەر هیچ پڕۆژەیاسایەکی دیکە لەگەڵ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە خشتەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رووی لە ژمارەیەک پەرلەمانتار کە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوون کرد و گوتی، ''ئەگەر ئەمڕۆ خەڵکێک بیانووی بۆ ئامادەنەبوون ئەوەیە کە [پڕۆژەیاساکەی] حەشدی شەعبی لەگەڵ پرسی هەڵەبجە خراوەتە دەنگدانەوە، دەبێ بڵێم، دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، تەنیا بڕگە دەبێت لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا.''
 
ئەم قسانەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرا پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی سێشەممە 25ـی ئاداری 2025 دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامان، دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: ''لە داهاتوودا هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان ناکرێت، ئەگەر پرسی هەڵەبجە تێیدا یەکەم بڕگە نەبێت یان ئەگەر هیچ پڕۆژەیەکی دیکەی بۆ دەنگدان بخرێتە پاڵی.''
 
داڕشتەى نوێى پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبی کە خراوەتە خشتەی کاری پەرلەمانەوە، رێگرى لە چالاکیی سیاسی و ئەندامبوونى چەکدارەکانى لە پارت و رێکخراوەکان دەکات؛ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنیشی گرێداوە بە رەزامەندیی فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە؛ دەستەکە دەبێتە خاوەنى ئەکادیمیای سەربازى.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە ئایا تێپەڕینی پڕۆژەیاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی کراوەتە مەرج بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، گوتی، ''نەخێر، پڕۆژەیاساکەی حەشدی شەعبی دەنگی لەسەر نادرێت، چونکە خۆیان لەنێو خۆیاندا رێک نین نەوەک ئێمە، خۆیان بوونەتە دوو بەرە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێن، ئەگەر پڕۆژەیاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی لە خشتەی کاردا بێت، ئامادەی دانیشتنەکە نابن.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە، داڕشتەی نوێی پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ناکرێنە یەک پاکێج و پرسی هەڵەبجە بە تەنیا دەخرێتە خشتەی کاری پەرلەمانەوە.
 
هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان وەک چوارەم پارێزگا لە 13-03-2014ـەوە ناسێندراوە.
 
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژە یاساکە نێردرایەوە پەرلەمانی عێراق.
 
پڕۆژەیاساکە لەم خولەی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری مهاباد.

18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەییەکانی مهابادیان کردووە

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە".