رووداو دیجیتاڵ
دوو هاوژین، لە ئاوارەیی یەکتریان ناسیوە و خۆشەویستییەکی گەورە پێکی گەیاندوون، محەممەد خەڵکی ئەفغانستانە و گوڵیزار خەڵکی کەرکووک. لە شاری ئەهوازی ئێران یەکتریان ناسیوە، 20 ساڵە هاوژینن و ئێستا لە سۆران نیشتەجێن.
35 ساڵە محەممەد لەکەسوکاری دوورە و نەبوونی پاسپۆرت رێگربووە لە گەیشتنەوە بە کەسوکاری.
محەمەد حەسەن، باس لە ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە ئەسڵدا خەڵکی گوندی دێهمەردەم لە شاری شەری توگزاری سەر بە ویلایەتی سەری پور. 13 ساڵە لە هەرێمی کوردستانم، لەبەر خێزانم کوردستانم هەڵبژارد، داواکارم حکومەتی هەرێمی کوردستان پاسپۆرت و ناسنامەی عێراقیم پێبدات، پاسپۆرتم هەبێت بتوانم لەگەل خێزانم سەردانی خوشک و براکانم بکەم بەشێوەی کاتی نەوەک هەمیشەیی."
بەوردی ئەو چیرۆکە باس دەکەن کە نەبوونی، هەژاری، رێگای دوور و دووری لەکەسوکار، هیچیان نەیانتوانیوە لێکیان دوور بخاتەوە.
کەسوکاری محەممەد لە ئەفغانستانن و هی گوڵیزای هاوژینی لە کەرکوک، بە تەلەفۆن هەواڵی کەسوکاریان دەپرسن.
گولیزار ناسنامەی عێراقی هەیە و محەممەد کارتی نشینگەی هەیە. ئەوان مووچەیان نییە و لە خانووێکی بچووکی کرێدا دەژین.
گوڵیزار حەسەن، لەبارەی ژیانیانەوە دەڵێت، "بێ مووچەین و ژیانمان زۆر ناخۆشە، کرێچین، هاوژینەکەم کلێنس دەفرۆشێت و ژیانمان لەسەر ئەوەیە. لە دەمی خۆمان دەگرینەوە بۆ کرێی خانوو."
دووری لە کەسوکار و سەختی ژیانی خۆیان بۆ رووداو گێڕایەوە. ئەوان هەر چاویان لە دەرگایە، خێرخواز و خواپێداو لە سەختی ژیان دەربازیان بکەن و لایەنی پەیوەندیداریش کارئاسانی بۆ شادبوونەوەیان بەکەسوکاریان بۆ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ