هەولێر دیجیتاڵ
پاریزگاری دهۆک رایگەیاند، دەتوانن ئەمڕۆ دوو زۆن لەو پێنج زۆنە تەواو بکەن، کە بەر لافاو کەوتوون و بڕیارە قەرەبوو بکرێنەوە. هەوڵدەدەن سبەیش ئەو زۆنانەی ماون تەواویان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "یەک ملیار و 457 ملیۆن دیناری لە رێگەی بانکی FIB بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کۆکراوەتەوە.
راشیگەیاند، "ئەو بڕە پارەیە لە رێگەی دەزگەی خێرخوازیی بارزانییەوە گەیشتووەتە دەستی لیژنەی باڵای چارەسەرکردن و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووان. توانیمان بەزووترین کات دەوروبەری پارێزگای دهۆک و رۆژئاوای دهۆک قەرەبوو بکەینەوە".
رۆژی 19ی 3ی 2024، بەهۆی بارانی بەخوڕ لە دهۆک و زاخۆ لافاو دروستبوو، لافاوەکە زیانی بە نزیکەی 300 ماڵ و 50 ئۆتۆمبێل گەیاند؛ سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا. زۆر کەسیش لە مەترسیدا بوون و رزگار کران.
پارێزگاری دهۆک لەبارەی دەستپێکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان گوتی، "ئەمڕۆ لە هەڵمەتێکی نوێدا، قەرەبووی بەشێک لە زیانلێکەوتووان دەکەینەوە. دوای بەربانگیش دەست بە بەشێکی دیکە دەکەین. کۆی گشتی 5 زۆن دەستنیشان کراون؛ دەتوانین ئەمڕۆ دوو زۆن تەواو بکەین. هەوڵدەدەین سبەیش ئەو زۆنانەی ماون، تەواویان بکەین".
بڕە پارەیەکی کاش بە زیانلێکەوتووان دەدەن؛ تاوەکو بتوانن راستەوخۆ ناوماڵ و کەلوپەلی پێ بکڕن. لەگەڵ ئەو بڕەپارەیەدا، کۆمەڵێک هاوکاری باش بۆ زیانلێکەوتووان هاتوون کە کەلوپەلی نێو ماڵن و پێداویستیی خەوتنن. واتا لەگەڵ بڕە پارەیەکی کاشدا، کەلوپەلی نێو ماڵیش دەدرێنە ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەتووە.
بەهۆی لافاوەکەوە نزیکەی 17 خانوو لە دهۆک بە تەواوی رووخان و کەلوپەلی نێو ماڵەکانیش دەرنەچوو.
عەلی تەتەر روونی کردەوە، "لە پلانماندایە ئەو کەسانەی خانووەکانیان زیانیان بەر کەوتووە، ئەوانیش قەرەبوو بکەینەوە؛ تاوەکو دووبارە بۆ ژیان بشێنەوە. دەخوازین خەڵک بگەڕێتەوە نێو ماڵەکانیان".
پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە، "ئەوانەی کرێچی بوون، کەلوپەلی ناو ماڵیان وەرگرتووە و ساڵێکیش لەنێو ئەو شووقانەدا دەمێننەوە بەبێ کرێ. بێگومان ئەو شووقە و کۆمەکییە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خانوو و ماڵەکانیان بەر لافاو کەتوون. ئەوانەی لە هۆتێلەکاندا دەمێننەوە، تا ئەو کاتە دەمێننەوە کە ماڵەکانیان بۆ پاک دەکرێتەوە و چاک دەکرێتەوە".
بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو لە چەند گەڕەکێکی دهۆک، پاشماوەیەکی زۆر قوڕ و لیتە لەنێو بەشێکی زۆر لە ماڵەکان کۆبووەتەوە؛ زیاتر لە سێ هەزار کەس و 80 ئامێری گەورە لە هەڵمەتی پاکژکردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە بەشدارن.
هاوکات بەهۆی راگەیاندنی کەمپینێک لە بانکی FIB زیاتر لە ملیارێک و 457 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کۆکراوەتەوە؛ لەگەڵ کۆمەڵێک کەلوپەلی نێوماڵ و شتی جۆراوجۆری دیکە.
ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستان ئامارێکی لەبارەی ئەو لافاوە بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کرا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، 11 کەس بریندار بوون و 120 کەسیش لە لافاوەکە رزگار کران. 160 خانوو و 50 ئۆتۆمبێل لە دهۆک زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ