شاندێکی 'هەژماری من' داوای پشتیوانی لە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی دەکات

26-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی "هەژماری من" لەگەڵ فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. بەگوتەی پەرلەمانتارێک، ئەو دانیشتنە بە مەبەستی قایلکردنیان بووە بۆ پشتگیریکردنی پرۆژەکە.
 
د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ شاندەکە لەگەڵ ئێمە کۆبوونەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش بەرچاوڕوونی بوو لەبارەی پڕۆژەکە و زانیاریی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، جگە لەوەی دەیانەوێت پشتگیریی لە پڕۆژەکە بکەین".
 
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی گوتی، "شاندەکە پێیانگوتین لەگەڵ بانکی ناوەندی کۆبوونەتەوە و بانکی ناوەندی کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نەبووە مووچە لە رێگەی هەژماری منەوە بدرێت، شاندەکە داوایانکردووە بانکی دیکەش بەشداری لە پڕۆژەکە بکات".
 
د. بڕیار رەشید باسی لەوەشکرد، ئەوان وەکو فراکسیۆن ژمارەیەک تێبینییان لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە هەیە و بەشێک لە تێبینییەکانیان لە شێوەی پرسیار لە شاندەکە کردووە، بەڵام وەکو ئەو گوتی، "وەڵامی پێویستمان وەرنەگرت".
 
لەسەر پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان، ئێستا کێشە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند هەیە، یەکەمیان دەیەوێت لە رێگەی پڕۆژەکەی خۆی "هەژماری من"ـەوە بدرێت و ئەوەی دووەمیش دەڵێت، پابەندە بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی کە باس لە "تەوتین"، دەکات، دەبێت لەرێگەی بانکەکانی حکومەت و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بدرێت.
 
د. بڕیار رەشید گوتی، "بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی تائێستا روونە کە دەبێ مووچەی مووچەخۆران تەوتین بکرێت و لە رێگەی عێراقەوە بدرێت".
 
21ـی شوباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەوەی، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و لەمەودوا دەبێ راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت.
 
دوایین جار بەغدا 37 ملیار و 123 ملیۆن دیناری مووچەخۆرانی بۆ مانگی شوباتی 2024 نارد، کۆی ئەو پارەیەی کە تائێستا نێردراوە زیاتر لە 600 ملیار دینارە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کورتهێنانی هەیە و بە گەیشتنی پارەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دەتوانن دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێکە 250 هەزار فەرمانبەری بە پرۆژەی هەژماری من بەستووەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی سیستمی بانکییەوە مووچەکانیان دابەشبکات و 142 هەزار کەسیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
 
بەڵام وەزیری دارایی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان مامەڵە بەو پرۆژەوە ناکەن و دەبێت لە رێگەی ئەو بانکانەوە هەژمار بۆ فەرمانبەران بکرێتەوە، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق و حکومەتەوە دانیان پێدانراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە