قایمقامی بنەسڵاوە: تیمێکی تایبەت سەگی بێلانە دەگرن و دەیانبەنە شێڵتەر

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی دانیشتووی قەزای بنەسڵاوە دەڵێت، سەگی بێلانە زۆر بوون و پەلاماری خەڵک دەدەن. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، "تیمەکانمان بە گوێرەی توانای وەرگرتنی شێڵتەرەکە، سەگە بێلانەکان کۆدەکەنەوە".
 
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئاداری 2024، هێمن محەممەد کە پیشەی فیتەرە و دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەیە، بە رووداوی گوت، دوێنێ دووشەممە سەگی بێلانە پەلاماری مامیان داوە و برینداریان کردووە.
 
مامی هێمن محەممەد ناوی سەلاحەدین عەبدولقادرە. ئەو هاونیشتمانییە دوێنێ ئێوارە لە رێگەی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە نزیک شوقەکانی بنەسڵاوە سەگ پەلاماریان داوە و وەک برازاکەی باسی دەکات، "کاتێک پەلامار دراوە، کەوتووە و لە چەند جێگەیەکەوە قەپیان لە سکی گرتووە".
 
هێمن محەممەد دەڵێت، دراوسێیەکی دیکەشیان لە هەمان گەڕەک پەلاماردراوە و برینداریان کردووە؛ ئاماژەی بەوەش دەکات، "کاتێک مامم برد بۆ نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر، لەوێ پێیان گوتین هەر ئەمڕۆ چەند کەسێک لە بنەسڵاوە سەگ پەلاماری داون و هێنراون بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە".
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "سەگی بێلانە لە بنەسڵاوە زۆر بووە و ئێمەش منداڵمان دەچێت بۆ قوتابخانە؛ بۆیە داواکارم چارەسەرێکی ئەو کێشەیە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین منداڵەکانمان بە دڵنیاییەوە رەوانەی قوتابخانە بکەین".
 
لەو بارەوە قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "سەگی بێلانە لە هەموو شوێنێکی هەولێر هەیە؛ لە بنەسڵاوە تیمێکی تایبەتمان هەیە بۆ گرتن و کۆکردنەوەی ئەو سەگانە، بەڵام کاری ئەو تیمە گرێدراوە بەو شێڵتەرەی لە هەولێر دروستکراوە".
 
جوان رەفیق، قایمقامی بنەسڵاوە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکانمان بە گوێرەی ئەو جێگە و رێگەیە دەتوانن سەگی بێلانە کۆبکەنەوە کە لە شێڵتەرەکەدا هەیە".
 
قایمقامی بنەسڵاوە گوتی، "سەگی بێلانە لە قەزاکەمان هەیە و رەنگە لە مانگێکدا پەلاماری دوو بۆ سێ هاووڵاتییان دابێت، بەڵام بەو ژمارە زۆرە نییە کە باس دەکرێت".
 
بەگوێرەی داتاکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، لە مانگی شوباتدا 15 کەس بەهۆی گەستنی سەگەوە سەردانی کردوون و لە کانوونی دووەمیش 51 کەس بە هەمان هۆکار سەردانی کردوون.
 
بەگوێرەی ئاماری 2023ـی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، لەو ساڵەدا 703 کەس بەهۆی گەستنی سەگەوە سەردانی ئەو نەخۆشخانەیان کردووە. 
 
کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر لە 22-10-2023 لەلایەن تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتیى خزمەتگوزارى ژینگەپارێزى هەولێر دەستیپێکرد و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری سەرپەرشتیی کاروباری پزیشکی دەکات.
 
ئەو سەگانە لەنێو شێڵتەرێکدا کۆدەکرێنەوە کە دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر - گوێڕ و رووبەرەکەی 20 دۆنمە و توانای لەخۆگرتنی 12 هەزار و 500 سەگی هەیە.