دوو هاوپەیمانی و دوو حیزب لیستی بەربژێرانیان پێشکێشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کرد

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، دوو هاوپەیمانێتی و دوو پارتی سیاسی ناوی بەربژێرانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا دوو هاوپەیمانێتی لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێشکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان."
 
ئەو دوو هاوپەیمانێتییەی لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێشکردووە، لە سێ بازنە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، ئەوانیش سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، وەکو ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن روونیکردوە. 
 
هەرچی لەسەر ئاستی پارتی سیاسییە، تاوەکو ئێستا بەپێی گوتەبێژی کۆمیسیۆن، دوو پارتی سیاسی لە سلێمانی و لە هەڵەبجە لیستی ناوی بەربژێرانیان رادەستی کۆمیسیۆن کردووە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو هاوپەیمانێتی یان حیزبانە ئاشکرا بکات.
 
لەبارەی ئەو بەربژێرە سەربەخۆیانەی کە ناویان پێشکێش بە کۆمیسیۆن کردووە بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، روونیکردەوە: "11 کە لەسەر بازنەی هەولێر ناویان پێشکێشکردووە، لە پارێزگای سلێمانیش 13 کەس و لە دهۆک 12 کەس."
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دامەزراوەی راسپێردراوە بۆ سەرپەرشتی و کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئەم مانگە دوا مۆڵەتە بۆ هاوپەیمانێتی و حیزبە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لیستی ناوی بەربژێرەکانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەن.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسییەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "سەرجەم سیستمەکانمان تەواو کردووە و دەرکردووە، رێکارەکان بەردەوامن."
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک "رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان" لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئادار، 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".