رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 19ـی ئەم مانگە دوو کەس لە دهۆک لافاو بردنی، هەردووکیان تازە زاوا بوون بەناوەکانی مەحموود و عومەر.
هەردووکیشیان خزمن و مام و برازان.
کۆستی لەدەستدانیان لەوکاتەدا سەختتر دەبێ کە کەسوکارەکەیان تائێستا نازانن تەرمەکانیان دەکەونە کوێ.
دایکی مەحموود لە چارەنووسی کوڕەکەی بێهیوا بووە و دەڵێت، "من بێهیوام، لەوکاتەی کەوتووەتە نێو ئاوەوە رۆحی دەرچووە، من زۆر ناڕەحەتم چونکە هێشتا تازە زاوا بوو. من تەنیا دەمەوێ بە هاوکاری ئێوە بزانم گۆڕەکەی دەکەوێتە کوێوە و بچم فاتیحەیەکی لەسەر بخوێنم".
مەحموود و عومەر لە ساڵی 2017ـەوە لە دهۆک ژیاون، هەردوولایان کرێچی بوون. عومەر سێ منداڵی هەن و مەحموود هێشتا نەبووبووە باوک.
موهەنەد مەحموود، کە کوڕ و براکەی لەدەستداوە دەڵێت، "لەدەستدانەکەی ئێمە زۆر گەورەیە. داوا لە بەڕێزان مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکەم دلۆڤانیی خۆیان بۆ هەردوو خێزانەکە بنێرن، چونکە نەبوونین، بەڵکو لەم سەختیە رزگارمان ببێ".
ئاری جەلال، سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی دهۆک دەڵێت، لە دوێنێوە بە رێگەی درۆن خەریکی گەڕانن، هەر دوێنێ 11 بۆ 12 درۆنیان بەکارهێناوە، بەڵام هێشتا سەرەداویان نییە.
ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستان ئامارێکی لەبارەی ئەو لافاوە بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کرا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، 11 کەس بریندار بوون و 120 کەسیش لە لافاوەکە رزگار کران. 160 خانوو و 50 ئۆتۆمبێل لە دهۆک زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ