رووداو - سلێمانی
دکتۆر ترێ یەکێکە لەو پزیشکانەی لە سنووری سلێمانی بایکۆتی دەوامی کردووە، دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بەبێ مووچە لە رانیە دەوامی کردووە و ئێستاش لە نەخۆشخانەی شار بێ مووچەیە.
دکتۆر ترێ توانا، پزیشکی نیشتەجێی خولاو دەڵێت، "هەندێکمان لەناو شار و دەرەوەی شار دەوام دەکەین و هاتووچۆ دەکەین، بۆیە ئەو مووچەیەی وەریدەگرین بەشمان ناکات، هەر مانگەو لە شوێنێک دەوام بکەین و بە پێنج مانگیش یەک مووچە وەربگرین."
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو، دێرین و پلەبەند گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم نەخۆشخانەی شار رێکخست و بایکۆتی گشتییان راگەیاند، جگە لە شوێنە هەستیارەکانی وەکو فریاکەوتن و منداڵبوون و چەند شوێنێکی دیکە، کە لەم شوێنانەش دەوامیان کەمکردووەتەوە.
ئەو پزیشکانەی هێڵی یەکەمن لە بینینی نەخۆش لەنێو نەخۆشخانەکان، کە نزیکەی 1000 پزیشکن، دابەشبوون بەسەر نەخۆشخانەکاندا.
دکتۆر محەممەد کەمال، نوێنەری پزیشکانی پایە بڵندی نەشتەرگەریی گشتی دەڵێت، "ئێمە تەنیا حاڵەتە کتوپڕ و فریاکەوتنەکانی هەناوی و نەشتەرگەرییە کتوپڕەکان لە نەخۆشخانەی شار دەبینین، ئەمەش تاوەکو کەیە؟ نازانین، چونکە دەکەوێتە سەر بڕیاری حکومەت، تاوەکو ئێستاش کە دەوام دەکەین، لەبەر خەڵکی شارەکەیە، ئەگەر مووچەش هەر نەدرێت، هەڵوێستی دیکەمان دەبێت."
بایکۆت زۆرینەی فەرمانگەکانی تەنیوە، یەکێک لەو شوێنانەی کاریگەریی بایکۆتی پێوەدیارە شەقامەکانن، کە نزیکەی 10 رۆژە کارمەندانی هاتووچۆ بایکۆتیان راگەیاندووە.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمی کوردستان داوای مافێک دەکەن کە مووچەیە، لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێکیش بەسەر دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەدا، بازنەی بایکۆت فراوانتر دەبێت، بەجۆرێک لە سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، زۆرینەی فەرمانگەکان بایکۆت و هەندێکیش نیمچە بایکۆتن.
بایکۆت گرفتی بۆ ئیشوکاری هاونیشتمانییان دروستکردووە. یاسین غەفوور، مامەڵەکار لە شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت، "خەڵک ئەوە چەند مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا مووچەخۆر هەیە کرێچییە و پێداویستیی خۆی هەیە، بەبێ پارە و مووچە دەوام ناکرێت، هەرچەندە ئیشەکەی منیش لەم فەرمانگەیە وەستاوە، بەڵام ئەوانیش مافی خۆیانە."
بەشێک لە مووچەخۆران ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕێی دابەشکردنی مووچەیەکن، بۆئەوەی بایکۆت بشکێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ