وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە هاوپەیمانان دەکات راهێنان و پشتیوانییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت

26-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، داوایان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردووە هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە بۆ ساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
 
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعش پشتیوانییان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ساڵی داهاتووش دووپاتکردووەتەوە.
 
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان پێشوازی لە تیمێکی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی مەیجەر کاس پرۆ کرد و گفتوگۆیان لەبارەی چەمکی ئۆپەراسیۆن و مەشقی هێزەکان لەچوارچێوەی فیرقە و لیوایەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پلان و هەنگاوەکانی ئەنجامدانی مەشق کە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەدا بەرنامەی بۆ داندرابوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا. 
 
جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیدارەکەدا، هاوئاهەنگی و یارمەتییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانی "بەرزنرخاند" و داوایکرد بۆ ساڵانی داهاتووش مەشق و راهێنانەکانی پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بەردەوام بێت، ئەوەش لەپێناو بەردەوام کارکردن بۆ دروستکردنی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
 
بەپێی وەزارەتی پێشمەرگە، تیمی میوان لە هێزەکانی هاوپەیمانان دووپاتیان لە هاوکاری و هاوئاهەنگی کردەوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەت لە رووی مەشق و راهێنانەکان و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە