زیاتر لە 10 ساڵە کارکردن لە رێگەی کانی بناو-دووکان راگیراوە؛ تەنیا 35%ـی کارەکانی تەواو بووە


رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 10 ساڵە کارکردن لە رێگەی کانی بناو-دووکان وەستاوە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، ناچارە بە رێگەیەکی دیکەدا بڕوات کە خۆڵە و قیرتاو نەکراوە، بۆ ئەوەی رێگەی کاژێرێک بە کەمتر لەنیو کاژێر ببڕێت، بەڵام خراپیی رێگەکە ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە.
 
مەریوان رەزا، دانیشتووی گوندی باسەرەیە و دەڵێت، "رێگەکەت دیوە چۆنە. هەموو چەوە، دووجار بێرەدا بڕۆی دەبێ بچیتە لای فیتەر پێش و پشتی ئۆتۆمبێلەکە بکەیتەوە. جادەکە تەنیا کەمێکی ماوە دەنا ئامادەیە بۆقیرکردن، بەڵام کەس وەڵاممان ناداتەوە."
 
بۆ تەواوکردنی هەموو رێگەکە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار دۆلار پێویستە. سەرباز کاوە، دانیشتووی گوندی گردەسۆرانە و دەڵێت، "ئێمە رۆژانە ئیشوکارمان بەسەر ئەم رێگەیەیە، نەخۆشمان هەیە، رێگەکە قیربکرێت بە 10 خولەک دەگەینە نەخۆشخانە، بەڵام جارهەیە رێگەکە دەگیرێت بەیەک سەعات ناگەینە لای دکتۆر، هاتووچۆ پەکی دەکەوێت."
 
رێگە قیرتاونەکراوەکە نزیکەی 13 کیلۆمەترە، جگە لە هاتووچۆی دانیشتووانی 24 گوندی بناری کۆسرەت، ئیدارەی راپەڕین و قەزای دووکان پێکەوە دەبەستێتەوە.
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەی خدران لە سنووری راپەڕین دەڵێت، قەیرانی دارایی هۆکاری وەستانی کارکردن بووە لە پڕۆژەکە و ئێستا لە هەوڵدان بودجەی پڕۆژەکە لە پترۆ دۆلارەوە بگۆڕن بۆ بودجەی وەزارەتەکان. ساڵح محەممەد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خدران گوتیشی، "دەرخستەکان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام بەداخەوە وەڵام نەدراوینەوە."
 
دروستکردنی رێگەکە لە ساڵی 2013 لەسەر بودجەی پترۆ دۆلار و لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە بڕیاری لێدراوە، بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ بەڵێندەرەکەی کراوە، دەبووایە لە ماوەی 250 رۆژدا تەواو بکرێت، بەڵام دوای 10 ساڵ، تەنیا 35%ـی کارەکانی تەواو بووە.