لایەنەکان پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

26-03-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
.
.
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، ئەو هەڵبژاردنەی دەبووایە لە 1-10-2022 بکرێت، بەڵام ناکۆکی و رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بووە گرفت و هۆکاری ئەنجامنەدانی. ئێستاش لایەنەکان پێشوازی لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن دەکەن.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت بە گەرموگوڕیەوە پێشوازی لەو وادەیە دەکەن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن رایگەیاندووە.
 
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ "ئێستا هیچ بیانوویێک نابینین بۆ دواخستنی جارێکی دیکەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن. هەموو ئەو لەمپەرانەی هەبوون، لە دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان کە لەمپەرە سیاسییەکانن و لەنێو پەرلەمانی کوردستانیش لەمپەرە یاساییەکانن، خەریکە کۆتاییان دێت و چارەسەر دەبن".
 
زانا مەلا خالید هەروەها دەڵێ "ئێمە، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بەربژێری خۆمان بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئامادەیە و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پێشکەشی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە کات وەرگرین، چونکە پێمانوایە کات لە بەرژەوەندیدا نییە و کاتی کراوەمان لەبەردەستدا نییە. ئەم چەند رۆژە پەیوەندیمان لەگەڵ برادەرانی یەکێتی هەبووە بۆ ئەوەی دوا کۆبوونەوە لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەین و چاوەڕێین لەو هەفتەیەدا کۆببینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو خاڵانەی ماون کۆتاییان پێبێت". 
 
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند ئەوان پێداگرن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانی یاساکە نەمێنێت، بۆ ئەمەش هەنگاوی باش نراوە و لەگەڵ ئەوەش جیاوازی ماوە "بەڵام کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن. لە رۆژانی داهاتوودا بە ئەگەری زۆرەوە کوبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت و هیوادارین رێکارە یاساییەکان تەواو ببن و هەڵبژاردن ئەمجارە لەو وادەیەی دیاریکراوە بکرێت".
 
کۆمەڵی دادگەریش وەک لایەنەکانی دیکە پێشوازی لە دیارکردنی وادەی هەڵبژاردن دەکات و پێی وایە دواکەوتنی زیاتری هەڵبژاردن، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیدا نییە.
 
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد "هەمیشە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت. وەکو کۆمەڵی دادگەری، ئێمە ئامادەی هەڵبژاردنین و، دەمێکیشە بەڕاستی بەرنامەمان داناوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام دیارە لەگەڵ ئەوەداین بە یاسایەک بکرێت، کە متمانە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە". 
 
ئەوەی لەنێوان لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی ماوە پێش هەڵبژاردن لەسەری رێکبکەون؛ شێوازی دەنگدانی پێکهاتەکان و دەنگدانی تایبەت و گشتییە، کە لە یەک رۆژ یاخود دوو رۆژی جیاوازدا ئەنجام بدرێن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆککۆماری عێراق بۆ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن

سەرۆککۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن. دەشڵێت، "لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵکی وڵاتەکەمان باجەکەی دەدات."