ئەو پۆلیسانەی لە ئامەد مێردمنداڵە کوردەکەیان ئەشکەنجە دا، لە کار دەرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای ئامەد، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو مێردمنداڵە کوردەی رۆژێک پێش نەورۆز لەلایەن پۆلیسەوە ئەشکەنجە درا بەردەوامە و پێنج پۆلیس لەسەر ئەو دۆسیەیە لە کارەکانیان دەرکراون.
 
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای ئامەددا هاتووە، رۆژی یەکشەممە 26-03-2023 پێنج پۆلیس کە نەورۆزی ئەمساڵ لە ئاهەنگی نەورۆزی شارۆچکەی لیجەی سەر بە ئامەد لە مێردمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵیان داوە، دەستگیر کران و لە کارەکانیان دوورخرانەوە؛ کە یەکێکیان پلەدارە.
 
ئەو مێردمنداڵە (ی دیکەن) رۆژی نەورۆز 21-03-2023 لەگەڵ هاوڕێیەکی تەمەن 10 ساڵانی لە رێگەی گەڕانەوە بووە بۆ ماڵەوە. تیمێکی پۆلیس وەستاندوویانن، بە هاوڕێکەییان گوتووە بڕوات و (ی دیکەن)یشیان سەرخستووەتە ئۆتۆمبیل و ئەشکەنجەیان داوە. مێردمنداڵەکە دەڵێت، "بە زۆر دەیانگوت دەبێت بڵێیت: 'من تورکم.' جنێو و قسەی نەشیاویان بە کورد دەدا. دەیانگوت مارشی ئیستقلال (مارشی نیشتمانیی تورکیا) بخوێنە. هەروەها هەڕەشەی کوشتنیان دەکرد."
 
دواتر ئەو پۆلیسانە مێردمنداڵەکەیان بە دەست و دەم بەستراوی لە شوێنێکی دوورە دەست جێهێشتووە. (ی دیکەن) تاوەکو شەو درەنگ لەوێ ماوەتەوە و دواتریش گوندنشینێک کە بە نزیک ئەو شوێنەدا تێپەڕیوە، دۆزیویەتییەوە و دەم و دەستی کردووەتەوە.
 
ئەو مێردمنداڵە کوردە تەمەن 14 ساڵە لەلایەن ئەو پۆلیسانەوە لێی دراوە، چەند برینێک لەسەر جەستەی هەیە و مەترسیی لەدەستدانی چاوێکی لەسەرە.
 
بارۆی ئامەد لەسەر ئەو دۆسیەیە سکاڵای لای داواکاری گشتی تۆمار کرد و دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.
 
پارێزگای ئامەد لە راگەیێندراوەکەیدا رەتیکردووەتەوە مێردمنداڵەکە گیانی لەدەستدابێت و دەڵێت، "دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسەکانی ناوچەکە برانە بەردەمی، (ی دیکەن) پێنج پۆلیسی ناسیوەتەوە کە ئەشکەنجەیان داوە. ئەو پێنج پۆلیسە کە یەکێکیان پلەدارە، لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە و دەستبەسەرن. لێکۆڵینەوەش لەو دۆسیەیە بەردەوامە."
 
یڵماز دیکەن، باوکی مێردمنداڵەکە رایگەیاند، ئێوارەی دووشەممە 20-03-2023 ئەو تیمانەی پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو منداڵانە نێردرابوون کە ئاگریان دەکردەوە و کوڕەکەی ئەویش لەگەڵ هاوڕێیەکی رایانکردووە و دواتریش لەلایەن پۆلیسەکانەوە دەستگیر کراون.