رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لایەنەکان کۆکن لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و بەم پێکهاتەیەی ئێستا کارا دەکرێتەوە، کە لەلایەن پێنج لایەنی سیاسییەوە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "پێنج خاڵی گرنگ هەن بۆئەوەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەوانیش بریتین لە: کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، دابینکردنی بودجە بۆ هەڵبژاردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێدانی کات بە کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکارییەکانی کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "چاوەڕێی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنین و دواتر دەبێت پەرلەمانی کوردستان ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات، کە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە، چونکە ئەنجوومەنەکە وادەی یاسایی بەسەرچووە و ناتوانێت کار لەسەر هیچ کارێک بکات تاوەکو متمانەی پێنەدرێتەوە."
چەند خولەکێک دوای لێدوانەکەی شێروان زرار بۆ رووداو، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "بە ئەرکی یاسایی خۆمان هەستاوین و چوار جار نووسراومان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردووە، چونکە ئامادەکارییەکان کاتی زیاتری پێویست دەبێت، بەتایبەت ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت تۆماری بایۆمەتریی عێراق بەکاربهێندرێت."
لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنەوە، شیروان زرار دەڵێت، "لایەنەکان کۆکن بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کارا بکرێتەوە و دەشتوانن ئەندامەکانی خۆیان لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام پێویستە کە ئەنجوومەنێکی کۆمیسیارانی بە دەسەڵات هەبێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکان بکات. ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە، ئەنجوومەنەکە وەکو خۆی دەبێت و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نۆ کەس دەبێت، هاوشێوەی پێشووتر، کە لەلایەن پێنج لایەنی سیاسییەوە رێککەوتنی لەسەر کراوە."
هەروەها باسی لەوەش کرد، "بڕیارە دوای سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان، لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکبهێندرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیاران بەپێی بەرکەوتەی ئەو کاتی لایەنەکان، ئەو لیژنەیەی ئێستا لە پەرلەمان پێکهاتووە، چەند سیڤییەکیان بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانەی کۆمیسیاران پڕ بکرێتەوە کە لە ئەنجوومەنەکە نەماون."
بە گوتەی شێروان زرار، "تۆماری بایۆمەتریی عێراق کەموکورتیی تێدایە، بەڵام لە هەموو ئەو تۆمارانە باشترە کە تاوەکو ئێستا لە عێراق هەبوون، تاوەکو ئێستا لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق قسەمان نەکردووە لەبارەی وەرگرتنی ئەو ئامێرانەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستمانە، هەربۆیە دیار نییە ئەنجامدانی هەڵبژاردن چەند تێچووەکەی دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ