تێنسی مەیامی گەیشتە قۆناخی هەشت


رووداو - هەولێر

لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتی تێنسی مەیامی، کە رکابەرییەکانی لە ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا بەڕێوەدەچن، لەسەر ئاستی پیاواندا، خوان دێل پۆترۆ، مارین شلیچ، میلۆش راونیچ و چۆنگ هیۆنگ خۆیان گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە و لەوێدا چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەی بەهێز لە نێوان یاریزاناندا دەکرێت.

لە رکابەرییەکانی  قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتی تێنسی میامی کە رکابەرییەکانی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچن و 100 خاڵی لەسەرە، خوان دێل پۆترۆی ئەرجەنتینی، کی نیشکۆری ژاپۆنی دوورخستەوە.

خوان پۆترۆی خاوەن پلەی پێنجەمی پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی کی نیشکۆری خاوەن پلەی 26 بووەوەو یارییەکەی بە دوو کۆمەڵەی ئاسان و هاوتا لێبردەوە بە ئەنجامەکانی 6-2 و 6-2 و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشت و لەوێ رووبەڕووی فیلیپ کراینۆڤیچی سێربی دەبێتەوە.

لە یارییەکی دیکەدا، مارین شلیچی کرواتی بە زەحمەت لە ڤاسیک بۆسبیسێلی کەنەدی بردەوەو خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.

شلیچی خاوەن پلەی دووەمی پاڵەوانێتیەکە رووبەڕووی ڤاسیکی بێ ریزبەندی بووەوەو یارییەکەی بە دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر 7-5 و 7-6 بردەوە، شلیچ لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕووی جۆن ئیسنەری ئەمریکی دەبێتەوە، کە ئەمیش بە دوو کۆمەڵەی بێ وەڵام شەش چوار و شەش چوار لە میخائیل یوژنی رووسی بردەوە.

لای خۆیەوە میلۆش راونیچی کەنەدی بە بردنەوەی لە دیێگۆ سێباستیان شوارتزمانی ئەرجەنتینی خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتی تێنسی میامی.

 لە قۆناخی سێیەمدا، راونیچی پلەبەندی بیستەم رووبەڕووی دیێگۆ شوارتزمانی خاوەن پلەی 13 بووەوەو کۆمەڵەی یەکەمی بە زەحمەت 7-6 بردەوە، بەڵام لە کۆمەڵەی دووەم شوارتزمان تاوەکو ئەندازەیەک بێهیوابوو و 6-3 دۆڕا و ماڵئاوایی کرد.

لای خۆیەوە چۆنگ هیۆنی کۆریای باشووری بە ئاسانی و کەمترین ماندووبوون خۆی گەیاندە قۆناخی هەشت، کاتێک لە میشێل مۆهی ئەمریکی بردەوە.

ئەنجامی بردنەوەی کۆمەڵەکان لەلایەن چۆنگ 6-1- 6-1 بوون.


چۆنگی خاوەن پلەی 19ی تێنسزانانی پاڵەوانێتیەکە لە قۆناخی هەشت رووبەڕووی جواو سوسای پۆرتوگالی دەبێتەوە، کاتێک ئەمیش بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک لە گارید دۆناڵدسۆنی ئەمریکی بردەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا