رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەنجامەکانی سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 راناگەیێندرێن تاوەکو بەراورد نەکرێن بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی ساڵی 1957 و، دڵنیابوونەوە لە دروستیی زانیارییەکان بەهۆی دۆخی سیاسی و نەتەوەیی ئەو ناوچانەوە.
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22ی تشرینی دووەمی 2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا؛ تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمار کران و تاوەکو 10ی کانوونی دووەمی 2024 فۆڕمی تۆماری خێزان پڕکرایەوە، تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان کرا.
رۆژی 24ی شوباتی 2025 ئەنجامی گشتیی سەرژمێرییەکە راگەیێندرا. ئەمڕۆ چوارشەممە گوهدار محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجامی سەرژمێری لە ناوچەکانی مادەی 140 رانەگەیێندراوە، چونکە کاری تێدا ماوە و هێشتا تەواو نەبووە."
بەڕێوەبەری کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆ سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140، خشتەیەک دروست دەکەین هەموو ئامارەکانی سەرژمێریی ساڵی 1957ی تێدایە، تاوەکو بزانین لەو کاتەدا ئەوانەی ئێستا لە کەرکووکن لەوێ بوون یاخود نا، ئەمە بۆ جیاکردنەوەی خەڵکە رەسەنەکانی ئەو ناوچەیە."
گوهدار محەممەد گوتی، "ترسمان هەبوو لەوەی ئەم سەرژمێرییە بۆ بابەتی سیاسی بەکاربهێندرێت، بۆیە بە باشمان زانی تەسدیقێکمان (راستاندن) لابێت بۆ بەرچاوڕوونی و زانیاری لەبارەی سەرژمێریی 1957."
دوو کۆپی لەو خشتەیە چاپ دەکرێت، یەکێکیان لای هەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەش لای عێراق دەبێت. گوهدار محەممەد عەلی دەڵێت، "تاوەکو ئەم خشتانە تەواو نەبن، سەرژمێریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان راناگەیێندرێت."
لەبارەی کاتەکەیەوە، گوهدار محەممەد عەلی ئاماژەی بەوە دا، "چوار بۆ پێنج مانگی دیکە دەخایێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ