مەحموود مەشهەدانی: پەرلەمانی عێراق رێگر نییە لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و پرسەکە نێوخۆییە

26-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆڕبەندی هەولێر2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بارەی ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵەبجە بۆ بوون بە پارێزگا و دانپێدانانی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەڵێت، "پەرلەمانی عێراق لاری نییە و پرسەکە ناوخۆییە."
 
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-02-2025 لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر لەبارەی کێشەکانی بەردەم هەڵبجە بۆ بوون بە پارێزگای 19ـیەمی عێراق قسەی بۆ رووداو کرد. 
 
مەحموود مەشهەدانی لەوبارەیەوە گوتی، "پەرلەمانی عێراق رێگر نییە لە رەزامەندیدان لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵکو پرسەکە نێوخۆییە و پێویستی بە سازانی کوردییە."
 
"هەڵەبجە شایستەی ئەوەیە ببێتە پارێزگا"
 
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەربەستەکانی ناساندنی هەڵەجە وەکو پارێزگا باسی لەوە کرد، بە دیاریکراوی هۆکارەکەی نازانێت، "بەڵام وەکو خۆم پاڵپشتیکارى پەسەندکردنى ئەو یاسایەم و هەڵەبجە شایستەیە، بەڵام کێشەی راستەقینەکە چییە؟ زانیاریم لەسەرى نییە."
 
مەحموود مەشهەدانی لەبارەی کاتی رەزامەندی دان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە باسی لەوە کرد، ئەگەر لەلایەن "برایانی کوردەوە پێشکێشمان بکرێت، رەزامەندی لەسەر دەدەین."
 
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. 
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ. 
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە