رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بەزوویی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن و هەروەها مەرجی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لەبەرچاوبگرن.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت، رۆژی سێشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە هاوبەشیی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کەمکردنەوەی کاریگەریی گرووپە میلیشیا تێکدەرەکانی سەر بە ئێرانیان لە عێراق و دۆخی سووریا کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق ''هەردووکیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی عێراق لە رووی وزەوە سەربەخۆ بێت و بەزوویی دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوت [ـی هەرێمی کوردستان] لە رێگەی بۆڕی تورکیا – عێراق''.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە رێز لە مەرجی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن بگیردرێت، ئەمەش بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتری ئەمریکی لە عێراق.
بەپێیی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە دۆخی سووریا کردووە و ''وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە کە گرنگە سووریا نەبێتە پەناگەیێکی ئارام بۆ تیرۆر و ببێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی''.
هەروەها، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە پابەند بە درێژەدان بەو گفتوگۆیانە لەبارەی پرسەکانی ناوچەکە و هەروەها بەرەوپێشبردنی هاوبەشی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ