کۆمیسیۆن: پارتەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و هاوپەیمانیێتییەکان ماون

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، هەندێک لە هەنگاوەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەردەوامن و هەندێ کاریشیان تەواو کردوون. 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هەندێک لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەردەوامن، لەوانە چاپکردنى کارتى بایۆمەتریى دەنگدان و نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ ئەو کەسانەى یەکەمجارە مافى دەنگدانیان دەبێت."
 
عیماد جەمیل ئاماژەى بەوەش کرد، "چاوەڕوانى دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردنین لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە بۆ دەستپێکردنى قۆناخەکانى دیکەى ئامادەکارى، کە سەرەکیترینیان بریتین لە وەرگرتنى ناوى بەربژێران و راستاندانیان، دیاریکردنى فەرمانبەرانى دەنگدان و مەشقپێکردنیان، چاپکردنى پێداویستییەکانى دەنگدان و فۆرمى دەنگدان."
 
رۆژی 21ـی شوباتی 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیارى لەسەر چەند تانەیەک دا کە دژى چەند مادەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون. دادگەکە سیستمى یەک بازنەیی دەنگدانى کرد بە چواربازنە و، 11 کورسی کۆتاکانیشی لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە.  
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەى بەوە دا؛ تۆمارکردنى ناوى پارت و لایەنە سیاسییەکانیان تەواوکردووە، کە زیاتر لە 38 پارتن، تەنیا تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ماوە کە ئەوەش ماوەیەکى زۆرى پێویست نابێت.
 
بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان پێشنیازی کردووە لە مانگى حوزەیران بکرێت، بەوپێیەى لە 7ـی تەمموز تەمەنى ئەم خولەى کۆمیسیۆن کۆتایی دێت.