دەروازەی سنووریی کێلێ داخرا

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی ئەو شەپۆلەی دابارین، کڕێوە و سەرما و سۆڵەی ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ دەروازەی سنووریی کێلێ لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان داخرا.
 
لەگەڵ ئەو شەپۆلە دابارینەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رووی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەفر دەبارێت و بایەکی تووند هەڵیکردووە، بەو هۆیەوە هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی کێلێ کە دەکەوێتە نێوان قەزای پشدەر و شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، راگیرا.
 
مەجید غولامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرگی سەردەشت، ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، دەروازە سنوورییەکە بەهۆی هەڵکردنی بایەکی تووند، دابەزینی پلەی گەرما و پچرانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە سنوورەکە، بە تەواوی داخرا و هەموو چالاکییەکان لە سنوورەکە راگیران.
 
مەجید غولامنەژاد گوتی: "ئەمڕۆ بەهۆی سەرما و سۆڵە، کرێوە، بەستنی رێگەوبانەکان و هەڵکردنی بایەکی بەهێزەوە، بارهەڵگرەکان لە دیوی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئاڵوگۆڕ نەچوونەتە نێو دەروازەی سنووریی "کێلێ و بەوهۆیەوە بارهەڵگرەکانی ئەم دیوی سنووریش نەیانتوانی بارەکانیان دابەزێنن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی سەردەشت، لە دەروازە سنوورەکە هەروەها "بەهۆی پچرانی سیستەمی ئەلیکترۆنی، هاتووچۆی گەشتیارانیش بە تەواوی راوەستاوە، بۆیە هەموو چالاکییەکان لەو دەروازە سنوورییە بە شێوەی کاتی راگیراون."
 
رۆژی دووشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2024، مەجید غولامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت رایگەیاند، لە ماوەی 9 مانگدا واتە لە 21-03-2023 تاوەکو 21-12-2023، 362 هەزار تۆن کەلوپەل، کە بەهاکەیان 129 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بووە لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێ هەناردە کراوە کە بەراورد بە ساڵی 2022، ئاستی هەناردەی کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی کێلێ 72٪ بەرزبووەتەوە. 
 
زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لەو سنوورەوە هەناردە کراون، بریتین لە کاشی، سیرامیک، ئاسن، شیش، سەوزە و میوە.