بازگەکانی سنووری سلێمانی رێگری لە هاوردەکردنی بەرهەمی نێوخۆیی دەکەن؛ 'داوای 3 هەزار دۆلار دەکەن'

26-02-2024
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندی سماقوڵی سەروچاوەی کۆیە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی هێلکە کراوەتەوە و رۆژانە 75 هەزار هێلکە بەرهەمدەهێنێت و بەرهەمەکەی لە هەولێر ساخدەکرێتەوە و بازگەکانی سنووری سلێمانی رێگە بە چوونە نێو شارەکە نادەن.
 
کارگەکە کەوتووەتە نێوان بازگەکانی هەولێر و سلێمانی، بەوهۆیەوە لە بازگەی ئاسایشی سلێمانی رێگەی پێنادرێت بەرهەمەکەی بباتە سنووری سلێمانی. "بۆ تێپەڕبوونی هەر بارێک داوای سێ هەزار دۆلاری لێکراوە." 
 
بەرهەمی ئەو کارگەیە هەر بە تەنیا لە چوونی بۆ سلێمانی رێگری لێناکرێت، بەڵکو رێگەی پێنادرێت بەرهەمەکانی لە ناوەندی قەزای کۆیەش بفرۆشێت. 
 
عەبدولقادر محەممەد، سەرپەرشتیاری ئەو پرۆژەیە بە رووداوی گوت، "بەرهەمەکەمان تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر ساخ دەکەینەوە، چەند جارێک پەیوەندییمان کردووە بە لایەنی پەیوەندیدار لە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای کۆیە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانمان بگوازینەوە، بەڵام ئاسایش داوای گومرگمان لێدەکات و دەبێت بۆ هەر کارتۆنێک پێنج دۆلار بدەین." 
 
نزیکەی مانگێکە لە بازگەکانی سنووری سلێمانی رێگە بەبازرگانانی هەولێر نادرێت کەلوپەلەکانیان بۆ سلێمانی بگوازنەوە.
 
یەکێک لە بازرگانەکانی هاوردەکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، ساڵانە بەبڕی نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار ئامێری ئەلیکترۆنی لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
بەرهەمی هاوردەکراوی ئەو بازرگانە بەڵگەنامەی فەرمیی هاوردەکردن و گومرگی هەیە، ئەو ئامێرانەی هاوردەی کردوون ویستوویەتی بەشێکی بباتە سلێمانی، بەڵام لە بازگەکانی سنووری سلێمانی رێگەی پێنەدراوە بارەکەی تێپەرنێت. 
 
وەکو خۆی دەڵێت، "دوای پێدانی دوو هەزار دۆلار بە بازگەکانی سنووری کەرکووک بارەکەی گەیاندووەتە سلێمانی."
 
عەبدولڕەحمان شێخ بزێنی ئەو بازرگانەیە و دەڵێت، "بارەکانمان هەمووی یاساییە، هەمووی بە گومرگی ئیبراهیم خەلیل دەهێنرێتە ژوورەوە، ئەوەش بەڵگەنامەکان، هیچ کێشەیەک لە بازگەی سلێمانی لەسەر بەڵگەنامەکان نەبوو، بەس دەڵێن، رۆشتنی باری کارەبای بۆ سلێمانی قەدەخەیە." 
 
لە 15ـی مانگی 2ـی ئەم ساڵ ژووری بارزگانی و پیشەسازی هەولێر بەنووسراوی فەرمی سەرۆکی حکومەتیان لە رێگرییەکانی نێوان بازگەکانی سنووری هەولێر و سلێمانی ئاگادارکردووەتەوە.
 
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لەبارەی ئەو رێگرییانەوە گوتی، "لە هەرشوێنێک رێگری بکرێت لە بازرگانی کردن، من بە یاسایی نابینم، لەبەر ئەوەی ئەو بازرگانە لە کۆتاییدا رسوماتی گومرگی خۆیداوە، بۆیە دەبێت ئازاد بێت لە جوڵەپێکردنی لە سەرتاسەری عێراق." 
 
ئامێری کارەبایی، مۆبایل و کەلوپەکانی، خورما، خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوە کحولییەکان، جگەرە، دەرمانی کشتوکاڵی و دەرمانی ڤێتەرنەری لەگەڵ چەندین بەرهەمی دیکە کە لە هەولێر دەبرێنە سلێمانی لە بازگەکان رێگەیان پێنادرێت ببردرێنە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان.
 
بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی رابردوودا گیرۆدەبوون بەدەست بازگەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، دەبوو بۆ هەر بارێک بڕە پارەیەکیان بدابایە، ئەو بڕەش بەپێی بارەکە دیاری دەکرا، بەڵام ئێستا بازگەکانی هەرێمی کوردستانیشی هاتووەتە سەر، ئەگەر بازرگانێک بیەوێت لە هەولێرەوە بچێتە سلێمانی، بەپێی گەورەیی و بچووکی ئۆتۆمبێلەکە بڕە پارەیەکی لە بازگەکان لێوەردەگیرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە