لە دوو مانگدا شەش کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە سەرەتای ئەم ساڵ شەش کرێکار و لە ساڵی 2023ـش 52 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لە دەستداوە لە پڕۆژەی بیناسازی کاریان کردووە و لەکاتی کارکردندا کەوتوونەتە خوارەوە. 
 
"ئەم ساڵ لە هەولێر سێ گیانلەدەستدان تۆمارکراوە؛ پار 10 گیانلەدەستدان هەبووە"
 
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە سێ کرێکار لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوتەی سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، "زۆربەی ئەو کرێکارانەی پار گیانیان لەدەستداوە لە پڕۆژەی بیناسازی کاریان کردووە؛ ئەم ساڵیش یەکێک لەو سێ گیانلەدەستدانەی هەمان بووە، لە پڕۆژەی بیناسازی بووە."
 
یوسف کەریم، لەبارەی ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە 2023 گوتی، 11 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و 16ـی دیکەی برینداربوون. 
 
لە سلێمانی ئەم ساڵ دوو کرێکار و پار 24 کرێكار گیانیان لەدەستداوە
 
چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ لە سلێمانی دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و پاریش 24 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
 
لەبارەی ژمارەی برینداربوونی کرێکاران، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان گوتی، سەتان کرێکار هەن کە لە کاتی کارکردن بریندار دەبن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە زۆربەی ئەو کەیسانە بەتایبەتی ئەوانەی برینیان سووکە تۆمار ناکرێن.
 
بە گوتەی چالاک رەئووف، زۆربەی ئەو کرێکارانەی پار گیانیان لەدەستداوە لە پڕۆژەی بیناسازی کاریان کردووە و لە باڵەخانەی بەرزەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
 
لە دهۆک ئەم ساڵ هیچ گیانلەدەستدان تۆمارنەکراوە؛ پار حەوت گیانلەدەستدان هەبووە
 
وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم ساڵ گیانلەدەستدان و برینداربوونی هیچ کرێکارێک لە سەندیکای کرێکارانی دهۆک تۆمارنەکراوە.
 
پار حەوت کرێکار لە دهۆک گیانیان لەدەستدا و 10ـی دیکەش برینداربوون. بە گوتەی سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، 70٪ـی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە پڕۆژەی بیناسازی کاریان کردووە و لەکاتی کارکردن کەوتووتە خوارەوە. 
 
ئەم ساڵ و پاریش لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک گیانی لەدەستنەداوە
 
کارزان محەممەد نەجم، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پار و ئەم ساڵیش هیچ گیانلەدەستدان و برینداربوونێکی کرێکاران تۆمارنەکراوە. رەنگە لە دەرەوەی سەندیکا برینداربوون هەبووبێت، بەڵام برینداربوونێکی هێندە گەورە نەبووە و ئاگاداری نەبین."
 
بە گوتەی سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، لە هەڵەبجە پڕۆژە و کارگەی گەورە نین تاوەکو کاری زۆری تێدا بکرێت؛ بۆیە گیانلەدەستدان و برینداربوون یان نییە یان کەمە. 
 
ئەم ساڵ لە زاخۆ هیچ کرێکارێک گیانی لەدەستنەداوە؛ پار یەک گیانلەدەستدان هەبوو
 
هۆگر رەزوان میرزا، سەرۆکی لقی زاخۆی سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، "ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا هیچ گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکار لە زاخۆ تۆمارنەکراوە؛ نازانین ئەگەر لە دەرەوەی سەندیکا کەیس هەبووبێت یان نا".
 
لقی زاخۆی سەندیکای کرێکاران لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کار دەکەن بۆ رێکخستن و دابینکردنی پێداویستییەکانی سەلامەتی کرێکاران. هۆگر رەزوان میرزا گوتی، "هەوڵ دەدەین ئەو پڕۆژانەی پێویستیان بە هەندێک ئامێر و پێداویستییە بۆ دابینکردنی سەلامەتی کرێکاران، بۆیان دابین بکەین".
 
بە گوتەی هۆگر رەزوان، لە زاخۆ پڕۆژەکان 50٪ پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی دەبن و پڕۆژەش هەیە لەو رێژەیە کەمتر پابەندە. 
لە 2023 لە زاخۆ تەنیا یەک کرێکار گیانی لەدەستداوە و یەک کرێکاریش برینداربووە. سەرۆکی لقی زاخۆی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، "لە سەندیکا تەنیا ئاگاداری ئەو دوو کەیسە بووین. رەنگە لە دەرەوەی سەندیکاش برینداربوونی دیکەش هەبووبن، بەڵام نەگەیشتووەتە سەندیکا."
 
ئەم ساڵ لە گەرمیان 1 کرێکار و پار 10 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
 
شێخ عەدنان شێخ محەممەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ یەک کرێکار لە ناوچەی پیشەسازی گیانی لەدەستدا کە ئەویش لە 17ـی مانگی رابردوودا بوو؛ پاریش 10 کرێکار گیانیان لەدەستدا، بەڵام ئاماری برینداربوونمان نییە".
 
بە گوتەی سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، بەشێک لە پڕۆژەکان بە گشتی مەرجەکانی سەلامەتی کاریان تێدا نییە.