چیرۆکی مامۆستایەک کە لەپێناو کردنەوەی قوتابخانەیەکی کوردی لە ئامەد تێدەکۆشێت

رووداو ئامەد 

مامۆستا و کۆمەڵناسێک بەناوی عەدنان فورات زیاتر لە ساڵێکە لە هەوڵدایە لە ئامەد قوتابخانەیەکی تایبەتی کوردی بکاتەوە، سەرەڕای رێگریی زۆر، بەڵام لە تێکۆشان بەردەوامە و کۆڵی نەداوە. 
 
عەدنان فورات هیواخوازە قوتابیان لەو قوتابخانە کوردییە تاوەکو پۆلەکانی کۆتا بە زمانی کوردی یان کوردی و تورکی بخوێنن، بەڵام هەرچەندە لە ساڵی 2014ـەوە یاسایەکی تایبەت بەو بابەتە هەیە، کەچی لەبەرئەوەی بنچینە و رێبازی کردنەوەی قوتابخانە بە زمانی دیکە دیارینەکراوە، عەدنان ناتوانێت خواستەکەی بەدیبهێنێت. 
 
عەدنان فورات بەیار، مامۆستا و کۆمەڵناس بە رووداوی گوت، "لەسەر ئەو بابەتە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئامەد (دیاربەکر)ـمان کرد، گوتمان بەپێی ئەو یاسایە دەمانەوێت قوتابخانەیەکی تایبەت بکەینەوە، بەڵام گوتیان شتێکی وەها نییە. گوتیان مەرجەکان بەپێی یاساکە دیار نین بۆیە لە وەزارەتیشمان پرسی، وەزارەت وەڵامی ئێمەی دایەوە و مەرجەکانی کۆرسی تایبەتیان بۆ ناردین، بەڵام گوتمان ئێمە کۆرس ناڵێینەوە، بەڵکو قوتابخانە دەکەینەوە."
 
ئەو مامۆستایە، ئێستا ژوورێکی ماڵەکەی کردووەتە پۆل و لەڕێگەی ئۆنلاینەوە 50 خوێندکار لە شار و وڵاتانی جیاجیاوە فێری زمانی کوردی دەکات، ئەو لە هەوڵدایە هەموو مافە یاساییەکانی خۆی بەکاربهێنێت لەپێناو کردنەوەی قوتابخانەیەکی کوردی.
 
بیلال زیلان، پارێزەری مامۆستاکەیە و لەڕێگەی رووداوەوە باسی پەیڕەو و یاسا پەیوەندیدارەکان دەکات کە لە تورکیادا هەن بۆ کردنەوەی قوتابخانە بە زمانێکی دیکە جگە لە تورکی.
 
پارێزەرەکە دەڵێ "دوای ساڵی 2014 کە هێدی هێدی پرۆسەی ئاشتی لاواز بوو، واتا ئەو پرۆسەیە وەستا، بۆیە نە بڕیارنامەی سەرۆککۆمار ئامادەبوو و نە پەیڕەو. واتا لە بنەڕەتدا ئەو ماف و یاسایە هەیە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت چی بکات؟ دەتوانێت قوتابخانەیەک بکاتەوە و حکومەت و وەزارەت ناچار بکات رەزامەند بن چونکە وەک گوتمان یاساکە هەیە."
 
هەروەها دەڵێ "دەبێت وەزارەتی پەروەردە کار بە یاساکە بکات، بەڵام ئەوان پابەند نین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە مانای وا نییە رێگر بن، بەڵکو رێگەکە کراوەیە، کەچی لەلایەنی کردارییەوە هەندێک کێشە هەن."
 
ئێستا تەنیا لە پۆلەکانی پێنج، شەش، حەوت و هەشت و بەشێوەی بژاردە، وانەی کوردی لە قوتابخانەکانی باکووری کوردستان دەگوترێتەوە. هەریەک لە مامۆستاکەی ئامەد و پارێزەرەکەی دەڵێن، ئەگەر ئاستەنگیی بیرۆکراتی (دیوانسالاری) لەبەردەمیان نەمێنێت، دەتوانن قوتابخانەیەک بە زمانی کوردی بکەنەوە و ببێتە نموونەیەکی گرنگ.