بڕیاری قەدەخەی ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ئامەد راگەیێندرا

26-02-2024
هێمن عەساف
نیشانەکردن ئامەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی تورکیا بڕیاری قەدەخەی ناوچەی ئەمنیی تایبەتی لە شارۆچکەی لجێی سەر بە پارێزگای ئامەد بۆ 15 رۆژ راگەیاند.
 
پارێزگای ئامەد بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بە پشتبەستن بە بڕگەی ‌ئەلیف لە مادەی 32ـی یاسای ژمارە 2565ـی تایبەت بە قەدەخەی سەربازی، پاراستنی ئاسایش و ئارامی، بڕیاردرا بە راگەیاندنی 15 رۆژ قەدەخەی ئەمنیی تایبەت لە شارۆچکەی لجێ". 
 
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای ئامەددا هاتووە، قەدەخەی ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە رۆژانی 26ـی شوبات تاوەکو 11ـی ئاداری 2024 بەردەوام دەبێت. 
 
پارێزگای ئامەد داوا لە ‌هاونیشتمانیان دەکات، خۆیان بەدووربگرن لە چوون بۆ ئەو ناوچەیەی قەدەخەی ئەمنیی تایبەت دەیگرێتەوە و، تەنیا لە کاتی پێویستدا و دوای وەرگرتنی مۆڵەت، مافیان هەیە بەشێوەیەکی کاتی کارەکانیان لەو ناوچەیە رابپەڕێنن؛ هەروەها داوای هاوکاریشیان لێ دەکات بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی هەر جموجۆڵێکی گوماناوی لە ناوچەکەدا. 
 
ئەم بڕیارە بەپێی یاسا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پارێزگار و بە هاوئاهەنگی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە دراوە و دەڵێن، بڕیارەکە بەهۆی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کوردستان (پەکەکە)ـیە لەو ناوچانەدا.
 
زۆرجار دوای راگەیاندنی ئەم جۆرە بڕیارانە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامدەدرێن. 
 
ساڵی رابردوو، هەشت جار بڕیاری قەدەخەی ناوچەی ئەمنی تایبەت لە ئامەدی باکووری کوردستان راگەیێندرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە