خاوەنی کتێبخانەیەک لە دهۆک: لە پێشانگەی کتێب تەنیا پشتگیریی نووسەرانی ناوخۆ دەکەین

27-02-2024
هونەر رەشید
نزیکەی 2000 ناونیشانی کتێب لە پێشانگەی کتێب لە دهۆک نمایشکران
نزیکەی 2000 ناونیشانی کتێب لە پێشانگەی کتێب لە دهۆک نمایشکران
نیشانەکردن پێشانگەی کتێب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی دهۆک بەناوی کارزان دێوالی کە سێ ساڵە کتێبخانەیەکی کردووەتەوە، 70 ناونیشانی پەرتووکی لە بەرهەمی وەشانخانەکەی خۆی لە پێشانگەی کتێب لە دهۆک نمایش کرد.
 
کارزان بە رووداوی گوت "لەبەرئەوەی ئەو نووسەرانەی کتێبەکانیان دەهێننە لای ئێمە، کوردن، حەزدەکەین لە پێشانگەکاندا تەنیا پشتیوانیی ئەوان و بەرهەمەکانیان بکەین، بەرهەمەکانی دیکە پڕی بازاڕن، بەڵام ئێمە تەنیا پشتیوانیی نووسەرانی نێوخۆیی دەکەین بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان زیاتر بەرچاو بێت."
 
خاوەن کتێبخانەکە هەروەها دەڵێ ئەوان پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ ئەو کتێبانە دەکەن کە دەبرێنە لایان، "پێداچوونەوەکەش لەلایەن ستافی شارەزاوە دەکرێت. ئێمە هەندێک مەرجیشمان هەن، بەپێی ئەو مەرجانە بڕیاردەدەین کام کتێب وەردەگرین، بۆ نموونە ئەو کتێبانەی بیری تووندڕەوی و نەرێنیان تێدایە، وەرناگرین."
 
لەنێو پێشانگەکەدا 18 کتێبخانە و دەزگای وەشاندن لە کەرتی تایبەتەوە لە دهۆک بەشدار بوون، کە نزیکەی 2000 ناونیشانی جیاجیای کتێبی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزییان نمایشکردن.
 
د. جیهان عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی دهۆک دەڵێ "لە کۆلێژەکانی زمان و ئاداب، زیاتر قوتابییانی بەشی زانستە مرۆییەکان بەراورد بە بەشە زانستییەکان کتێب دەخوێننەوە."
 
رۆژهات ئیبراهیم، راهێنەری گەشەپێدانی مرۆییە و دەڵێ "ئەو پێشانگەیە زۆر باشە، هیوا و هاندانێکە بۆ ئەوەی دەستبکرێت بە خوێندنەوەی کتێب. هەمووشمان دەزانین کتێب خوێندنەوە شتێکی زۆر باشە و دەکرێت هزر و بیر و رەفتاری مرۆڤ، بگۆڕێت." 
 
ئەو پێشانگەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و چاپ و وەشاندن لە پارێزگای دهۆک کرابووەوە، هەموو کتێبخانە بەشدارەکان لە کەرتی تایبەت بوون و هیچیان حکومی نەبوون. 
 
لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 92 کتێبخانەی حکومی هەن، تەنیا حەوتیان لە دهۆکن، کە سێیان داخراون.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە