لە رواندز پاسێکی قوتابیان وەردەگەڕێت و ژمارەیەکیان بریندار دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رواندز رایگەیاند، پاسێکی گواستنەوەی قوتابیان لە رێگەی گوندی دەرگەڵە - دۆڵی خانەقا وەرگەڕا و بەهۆیەوە شەش قوتابی بریندار بوون.
 
چنوور مەزهەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی رواندز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاسەکە 11 قوتابیی تێدا بووە و شەش لەوانە بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاشتی لە سۆران کراون."
 
لەبارەی تەندروستیی قوتابییەکانیشەوە ئازاد ساڵح، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی ئاشتی بە رووداوی گوت، "تەندروستیی هەر شەش قوتابییەکە جێگیرە و تەنها بە سووکی بریندار بوون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە."