پێداویستیی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ گۆشتی سوور ساڵانە 88 هەزار تۆنە و نیوەی هاوردەیە


رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 2700 سەر ئاژەڵی بچووک و زیاتر لە 340 رەشەوڵاخ سەردەبڕدرێن. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێداویستیی نێوخۆ بۆ گۆشتی سوور ساڵانە 88 هەزار تۆنە لەو رێژەیە نزیکەی نیوەی هاوردەیە.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-2-2023، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک ئاژەڵی بچووک و 125 هەزار ئاژەڵی گەورە سەر دەبڕدرێن".
 
پێداویستیی گۆشتی سوور بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان ساڵانە 88 هەزار تۆنە. فیراس سدیق دەڵێت: "بەرهەمی نێوخۆ پێداویستیی خەڵک پڕناکاتەوە، بۆیە ئاژەڵ هاوردە دەکرێت، ساڵانە 40 هەزار تۆن گۆشتی سوور هاوردە دەکرێت".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ، بە تێکڕا رۆژانە دوو هەزار و 739 ئاژەڵی بچووک و زیاتر لە 340 ئاژەڵی گەورە سەردەبڕدرێن.
 
فیراس سدیق ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان فلتەریان لەسەر هیچ وڵاتێک نییە بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵ، مەگەر لە وڵاتەکەدا نەخۆشیی ئاژەڵ هەبێت. گوتیشی: "بەگشتی ئەوانەی هاوردەکراون لە بەرازیل، جۆرجیا و ئەرمینیا بووە، ئەگەر لە یەک شوێنی ئەو وڵاتانە نەخۆشییەک بڵاوبێتەوە لە تەواوی وڵاتەکەوە هاوردەکردنی ئاژەڵ قەدەخە دەکەین".
 
ساڵی رابردوو ملیۆنێک و 69 هەزار و 577 سەر ئاژەڵ لە سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان سەربڕدراون، لەو ژمارەیە 150 هەزار و 317 یان رەشەوڵاخ بوون و ئەوانی دیکە مەڕ و بزن بوون.