عەلی حەمە ساڵح: داوام لە سەرۆکی پەرلەمان کرد دەستلەکارکێشانەوەم بخاتە بەرنامەی کارەوە
رووداو دیجیتاڵ
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە دەستلەکارکێشانەوەی بخاتە بەرنامەی کارەوە. سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: "ئەم هەفتەیە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی بەرنامەی کار و دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران دەدات."
رۆژی یەکشەممە 26-2-2023، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داوام لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە دەستلەکارکێشانەوەم بخاتە بەرنامەی کارەوە، ئەویش پێی راگەیاندم کە لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو دەیخاتە بەرنامەی کارەوە."
رۆژی 6ی 11ی 2022، شەش پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکە کە بەشێکیان سەربەخۆن و بەشێکیان پەرلەمانتاری گۆڕان بوون بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
عەلی حەمە ساڵح، کە یەکێک بوو لەو 12 پەرلەمانتارە و گوتی: "ئەو کات نەمویست خۆم بکەمە نێو هەڵمەتێکەوە بۆیە لەگەڵ برادەرانم بڕیاری بایکۆتکردنم دابوو، بەڵام بەگشتی لە 8ی 12ی پارەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەم لە پەرلەمانی کوردستان کردووە، تائێستا چوارجار داوای دەستلەکارکێشانەوەم کردووە."
بڕیارە 1ی ئادار پشووی یاسادانانی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بێت و کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکاتەوە. مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران بەهۆی پشووی پەرلەمانەوە دواکەوتووە، ئەگینا بەگوێرەی پەیڕەو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتاران دەخرێتە بەرنامەی کارەوە."
مونا قەهوەچی گوتیشی: "ئەم هەفتەیە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و ئەولەویەت بۆ پڕۆژەکان دەبێت، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانیش بەگوێرەی پەیرەو دەنێدرێت بۆ بەشی کاروباری یاسایی پەرلەمان و لەوێشەوە بۆ سکرتێری پەرلەمان و ئێمەش بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی دەنێرین و بە دڵنیایەوە دەخریتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام وەکو وادەیەک هێشتا دیار نییە کەی دەخرێتە بەرنامەی کارەوە."
09-10-2022 بە دەنگی 80 پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە، کە دەبێتە کۆتایی ساڵی 2023، درێژکرایەوە.
دوای درێژکردنەوەکە، جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەدوای 06-11-2022ەوە ناچنەوە پەرلەمان و بە "نایاسایی" دەزانن. رۆژی 12-10-2022 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکە سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاریدا پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە رۆژی 06-11-2022 بەدواوە بكشێنەوە.