رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک رایگەیاند، سەیرانکردنی خوێندکارانیان بۆ دەرەوەی سنووری پارێزگای کەرکووک قەدەخە کردووە. لەبارەی هۆکارەکەیەوە دەڵێت، بەهۆی ئەو رووداوی هاتووچۆیانەی لەکاتی گەشتەکاندا روودەدەن.
رۆژی یەکشەممە 26-2-2023، شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە كەركووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: گەشتکردن بۆ دەرەوەی سنووری کەرکووک لە خوێندکاران قەدەخە کراوە، "تەنانەت لە رۆژانی هەینی و شەممەشدا کە پشووی فەرمییە، نابێت گەشتی بە کۆمەڵ بکەن."
ئەم بڕیارە هەموو قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی شاری کەرکووک بە حکومی و تایبەتەوە دەگرێتەوە. شێرزاد رەشید کاکە داوا دەکات "هیچ داواکارییەک" بۆ وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجامدانی گەشت بۆ خوێنکاران لەلایەن كارگێڕیی قوتابخانەکانەوە پێشكێش نەكرێت.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە كەركووک جەخت دەكاتەوە کە لە كاتی ئەنجامدانی گەشت بۆ دەرەوەی شار، "رێوشوێنی یاسایی تووند" لە بەرامبەر کارگێڕیی قوتابخانەکە دەگرنەبەر.
شێرزاد رەشید کاکە، داوا لە دایک و باوکان دەكات رێگەنەدەن هیچ گرووپ و رێکخراوێک لە دەرەوەی قوتابخانە یاخود لە رۆژانی هەینی و شەمماندا کە رۆژانی پشوون گەشت بۆ منداڵەکانیان رێكبخەن و دەڵێت، "لە هیچ رووداو و کارەساتێکی نەخوازراو ئێمە بەرپرس نین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ