رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی نێوان قەزاکانی کەلار و کفری زۆربەی تەواو بووە و هاتووچۆی پێدا دەکرێت، بەڵام بە فەرمی نەکراوەتەوە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، کۆمپانیای جێبەجێکار 3 ملیار دیناری لای حکومەت ماوە، بۆیە بە سستی کار لە پڕۆژەکەدا دەکات.
رۆژی یەکشەممە 26-2-2023، عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو پرۆژەیە لە چوار قۆناخ پێکهاتووە و سێ قۆناخی پڕۆژەکە تەواو کراوە، قۆناخی کۆتایی ماوە و کاری تێدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە کۆمپانیای جێبەجێکار سێ ملیار دیناری لای حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوە بۆیە "بە خاوی" کاری تێدا دەکەن.
دووسایدی نێوان کەلار و کفری 26 کیلۆمەترە، قۆناخی قیرتاوکردن و پردەکانی تەواوکراون و هاونیشتمانییان هاتووچۆی پێدا دەکەن، ئەوەی ماوەتەوە بکرێت وردەکاری و جوانکاری پڕۆژەیەکە، بۆ نموونە هێڵکاری و بۆیاخکردن، دروستکردنی راگری سەر پردەکان و دانانی هێماکانی هاتووچۆ.
پڕۆژەکە ساڵی 2014 بە بودجەی نزیکەی 44 ملیار دینار دهستیپێكرد، بهڵام بههۆی قهیرانی دارایی و چهند هۆكارێكی دیكەوە، چەند ساڵێک كاركردن تێیدا وهستابوو.
شەقامەکە له سێ چین قیر دروستكراوه و 900 هەزار مەتر دووجا قیری بۆ بهكاربراوە. له ژێرهوەی قیرەکەش 22 سانتیمەتر بهردی شكاوی تێكراوه. لهو رێگەیهدا 11 سووڕانەوە (یوتێرن) دروستكراون، كه بەهۆیانهوه گوندهكانی دوانزە ئیمام و قهرهبڵاخ و كفری و كهلار لە گەرمیان بەیهكهوه دهبهستێتهوە.
رۆژی 26-11-2021، شەماڵ نامیق، قایمقامی کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو: "97٪ بۆ 98%ی پڕۆژەکە تەواو بووە، ئەگەر پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجبکرێت لە ماوەی 15 رۆژدا تەواوی کارەکانی پڕۆژەکە کۆتایی دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ