رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوو مانگی ئەمساڵدا دەستیانگرتووە بەسەر 161 داری تەڕ و نۆ بارهەڵگری دیکەدا، کە سەدان داری تەڕی تێدابووە.
رۆژی یەکشەممە 26-2-2023، نەقیب فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ 161 داری تەڕ لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، هاوکات 5 بارهەڵگری دوو تۆنی و چوار پیکاب داری تەڕیش دەستیان بەسەردا گیراوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەمساڵ 30 بارهەڵگری پیکاب، 2 بارهەڵگری گەورە و 994 فەردە خەڵوز دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەهۆی بڕینەوەی داری تەڕ و خەڵووزەوە، ئەمساڵ 118 کەس دراونەتە دادگە و دۆسییەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە 5 هەزار داری تەڕ لە هەرێمی کوردستان بڕاونەتەوە.
بەگوێرەی ماددەی 21 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەنێوان سێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ