وەزیری رۆشنبیری: یاساکانی زمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یاساکانی پەیوەست بە زمانی کوردی و زمانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ ناکرێن. دەشڵێت، جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە ''لە ئەستۆی خۆمانە و جێبەجێنەکردنەکەشی هەر هەڵەی خۆمانە.''
رۆژی یەکشەممە، 26-02-2023، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە پرسی پاراستنی زمانی دایک کرد و رایگەیاند، سەرەڕای پشتیوانیی دەستوور و یاساکان بۆ زمانی کوردی و زمانی پێکهاتەکان، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان "یاساکان جێبەجێنەکراون و لەبیرکراون."
ساڵی 2014 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای زمانە فەرمییەکانی دەرکردووە، کە جەخت لە فرەزمانی لە عێراق دەکاتەوە. هەروەها لە کۆتایی ساڵی 2014دا پەرلەمانی کوردستانیش یاسای زمانە فەرمییەکانی لە هەرێمی کوردستانی دەرکردووە کە لە 27 ماددە پێکهاتووە.
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان گوتی، بێگومان جێبەجێنەکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان کە پەرلەمان لە ساڵی 2014 دەریکردووە ''لە ئەستۆی خۆمانە و جێبەجێنەکردنەکەشی هەر هەڵەی خۆمانە.''
حەمەی حەمە سەعید گوتیشی، دەبێ وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتەکانی پەیوەندیداری ئەکادیمی، هەموو دامودەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان، بە جیددی کار لەسەر پرسی زمان بکەن.
هەر لەسەر ئەم پرسە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی شەممە، 25-2-2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دەبێت هەموو دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان، کەرتی تایبەت، کۆنسوڵخانەی وڵاتان، رێکخراوە بیانی و کۆمپانیاکان، تاوەکو 1-4-2023، تابلۆکانیان بگۆڕن بۆ زمانی کوردی. بڕیارەکە هۆتێل و شوێنی گەشتیاری و رێستۆرانەکانیش دەگرێتەوە و دەبێت لیستی خواردن و رێنماییەکانیش بە زمانی کوردی بن.''