ئاگر لە بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت کەوتەوە


رووداو دیجیتاڵ 
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئاگر لە باڵەخانەی بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت کەوتەوە و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە. تیمەکانی بەرگریی شارستانیش چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکە لە نهۆمی چواری باڵەخانەکە بووە. فەخرەدین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سەلاحەددین بە رووداوی گوت، "ئاگرەکە لە یەک ژوور کەوتووەتەوە و بە هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنترۆڵکراوە". گوتیشی، "سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.. هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە". 

ئەو کەلوپەلانەی لە ژوورەکەدابوونە لەو ماددانە بوونە کە زوو گڕدەگرن. فەخرەدین عەبدوڵڵا گوتی، "دوو کەس لە ژوورەکەدا بوونە و رزگارکراون". 

خوێندکارێک کە شایەتحاڵی رووداوەکە بووە و هاوکاریی تیمەکانی کردووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە رووداوی گوت، "بە چاوی خۆم بینیم ئاگر لە هیتەرێکی گەرمکەرەوە دەردەچوو". بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی گوتیان، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە و هۆکارەکەیان ئاشکرا نەکرد. 

پاسەوانانی بەشەناوخۆییەکان و بەشێک لە خوێندکاران بە سەرپەرشتیی رائید سۆران سەرەتا بە ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و رزگارکردنی خوێندکارانیان داوە. راید سۆران ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی پێمان کرا، ئاگرەکە بکوژێنینەوە.. پێمان وابوو خوێندکار لە ژوورەکاندا ماوە، ئەوەندەی توانیمان دەرگەکان بشکێنین و ئەو کەسانە رزگار بکەین".