جینان مووسا بووە براوەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی
رووداو-هەولێر
جینان مووسا رۆژنامەڤانی تۆڕی ئەلان، لەلایەن کۆمیتەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، بوو بە یەکەم کەس لە جیهاندا کە خەڵاتەکەی پێدەبەخشرێت، جینان مووسا دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە بە رووداوی گوت، هیوادارە بتوانێ لە رێگەی راپۆرت و نووسینەکانی، ناوی شیفا لە جیهاندا بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
ئەندامێکی لیژنەی هەڵبژاردنی خەڵاتی جیهانی شیفا پێیوایە کە جینان مووسا دەتوانێ هەژموونی شیفا بپارێزێت بۆ ئەوەی گیانی بخاتە مەترسییەوە تاوەکو پیشانی جیهانی بدات کە چی روودەدات.
جینان رۆژنامەڤانێکی لوبنانییە، لە دایکبووی ساڵی 1984 ە و بۆ کەناڵی ئەلئانی ئیماراتی کاردەکات. لە بەهاری عەرەبی و شەڕی داعشدا بەردەوام بەشداریی کارای هەبووە بۆ رووماڵی رووداوەکان. لە چوار ساڵی شەڕی داعش لە بەرەی پێشەوەی جەنگ رووماڵی پێشڕەوی هێزەکانی دژ بە داعشی کردووە
فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی پێشوی فەرەنسا وەک میوانی تایبەت و قسەکەری سەرەکی باسی لە گرنگی رۆڵی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردوو گوتیشی ئێمە بەردەوام لەگەڵ کورد دەمێنینەوە.
ژمارەیەک رۆژنامەڤانی نێوخۆیی و جیهانیش و چەندین کەسایەتی سیاسی دیاری نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئامادەی مەراسیمەکە بوون.