راگەیێندراوێک لە پۆلیسی راپەڕینەوە لەبارەی کوژرانی گەنجێک و برینداربوونی سێی دیکە بە گوللـە

26-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند لە شەڕەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆدا لە رانیە، چوار گەنج بە گوللە بریندار بوون و دواتر یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، شەڕەکە کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 26-1-2025 روویداوە، تێیدا دوو گەنجی خوێندکار و دوو کاسبکار بە گوللـە بریندار بوون. 
 
سێ لە بریندارەکان بەپێی پۆلیسی راپەڕین، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی گشیی رانیە چارەسەری سەرەتاییان پێدراوە، بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە رەوانەی شاری سلێمانی کراون، بەڵام یەکێک لەو سێ کەسە لە رێگەدا بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
 
تۆمەتبارانی رووداوەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی مادەکانی 406 و 405 ف31 لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری راگرتیان دراوە.
 
زانیاری لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکانی شەڕەکە وەک لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە: 
 
1 -  (د. ج. ئـ.) لەدایکبووی ساڵی 2007، خوێندکارە و دانیشتووی گەڕەکی کێوەڕەشە لە رانیە. 
2 -  (ب.م.ئـ.)  لەدایکبووی ساڵی 2009ـیە، خوێندکارە و دانیشتووی گەڕەکی کێوەڕەشە.
3- (ژ.ئـ.ک.) لەدایکبووی ساڵی 2004ـەوە و کاسبکارە، دانیشتووی گەڕەکی ویلادەیە (ئەمەیان لە رێگەی گەیاندنی بە نەخۆشخانە لە سلێمانی، گیانی لەدەستدا) 
4- (ب.ف.ک.)  لەدایکبووی ساڵی 2004ـە و کاسبکارە، دانیشتووی گەڕەکی سەرای رانیەیە.
 
چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی رووداوەکە بڵاوکراونەتەوە و بۆ رووداو نێردراون، لە یەکێکیان گەنجێک دەردەکەوێت کە کەوتووەتە سەر زەوی و کەسێکی دیکە بە تفەنگەکەی لێی دەدات و لە شوێنەکە دووردەکەونەوە.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، پۆلیس هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە.

 

 

نوێدەکرێتەوە...

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە